نەوزاد شێخ کامیل: هیچ بڕیارێک بۆ بەشەخۆراکی مانگی حەوت نەهاتووە
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا بەفەرمی لەلایەن عێراقەوە بۆ دەستپێکردنی بەشەخۆراکی مانگی حەوت ئاگادار نەکراوینەتەوە.
لەوبارەوە نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا هیچ ئاگادارییەکی فەرمییان لە حکوومەتی عێراقەوە لەبارەی دەستپێکردنی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی تەممووز وەرنەگرتووە.
نەوزاد شێخ کامیل روونیکردەوە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە و بڕیارە لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا دابەشکردنی بەشەخۆراکی حەوتەمی ئەمساڵ دەست پێ بکات. بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، هەرکاتێک حکوومەتی عێراق بڕیاری فەرمی بدات، بەشەخۆراکەکە لە رێگەی بریکارانی خۆراکەوە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، پرۆسەی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی شەش بەردەوامە و رۆژانە لە رێگەی بریکارەکانەوە بەشەخۆراک و ئاردی مانگانە بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 4 ملیۆن و 636 هەزار کەس لە سیستەمی بەشەخۆراکی مانگانە سوودمەندن.
لە لایەکی دیکەوە، بەهۆی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل و ماددە خۆراکییەکان، حکوومەتی عێراق چاودێریی نرخەکان لە بازاڕەکاندا دەکات. ئەگەری هەیە حکوومەتی عێراق دوای پێداچوونەوە بە نرخەکان، ئەگەر نرخەکان لە بازاڕدا بە بەرزی مانەوە، دوو بەشەخۆراکی دیکە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بکات.