پۆلیسی بەریتانیا دوو کەس لە کەیسی بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرددا دەستگیر دەکاتەوە

پۆلیسی دژە تیرۆری بەریتانیا لە درێژەی لێکۆڵینەوەکانیدا لە بارەی رووداوەکەی بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرد، دوو کەسی بە گومانی هاوکاریی دەزگایەکی هەواڵگریی بیانی دەستگیرکردەووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هەردوو گومانلێکراوەکە لە ناوچەی وێستمنستەری لەندەن دەستگیر کراون؛ یەکێکیان تەمەنی 24 ساڵە و هاووڵاتیی بەریتانییە، ئەوەی دیکەشیان تەمەنی 25 ساڵە و خاوەنی هەردوو رەگەزنامەی بەریتانی و ئێرانییە.

راگەیەندراوی پۆلیسی بەریتانیا دەریدەخات، پاش دەستگیرکردنەوەیان لە 20ـی ئەم مانگە، رۆژی دواتر تیمە ئەمنییەکان توانیویانە مۆڵەتی دادوەری وەربگرن بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان، تا تا حەوت رۆژی دیکە دەستبەسەرکردنیان درێژ بکەنەوە. 

سەرەداوی ئەم کەیسە دەگەڕێتەوە بۆ 27ی ئەیلوولی ئەمساڵ، کاتێک هێزە ئەمنییەکان ئاگادارکرانەوە لە نزیکبوونەوەی سێ ئۆتۆمبێلی گومانلێکراو لە بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرد، کە بنکەیەکی گرنگی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکایە. لەو کاتەدا لە نزیک ناوچەی ویلڤۆرد، پێنج کەس دەستگیر کران و ئۆتۆمبێلەکانیان پشکنیرا. هەرچەندە لە پشکنینەکاندا بڕێک بەنزین دۆزرایەوە، بەڵام هیچ جۆرە بۆمب و تەقەمەنییەکان پێ نەگیرا، لەو کاتەشدا وەکو رێکارێکی خۆپارێزی نزیکەی 85 خێزانی دانیشتووی ناوچەکە بە شێوەیەکی راگوێزران و ماڵەکانیان چۆڵکرا.

لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەم کەیسەدا هێشتا بە کراوەیی ماونەتەوە و تاوەکو ئێستاش هیچ تۆمەتێکی فەرمی ئاراستەی ئەو دوو کەسە نەکراوە، چونکە هێشتا بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نییە کە راستەوخۆ تێوەگلانی دەوڵەتێکی بیانی لە هێرشەکەدا بسەلمێنێت.

12ـی تشرینی یەکەمی 2026، 29 وڵات کە بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەنێویاندان، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو ئەنجامانە دەربڕی کە لەندەن لەبارەی تێوەگلانی ئێران لە هەوڵی بەئامانجگرتنی بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرد دەستیکەوتووە. بەیاننامەکە سەرکۆنەی دەستدرێژییەکان و هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و هەر هەوڵێکی تارانی کرد بۆ دروستکردنی مەترسی لەسەر خاکی بەریتانیا و هاوبەشەکانی.

لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوولدا، پۆلیسی بەریتانیا پێنج کەسی لە نزیک بنکەی فێرفۆرد لەناو سێ ئۆتۆمبێلدا دەستگیر کرد. بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرد لە باشووری رۆژئاوای ئینگلتەرا یەکێکە لە گرنگترین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا کە فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی وەک B-1 و B-52 لەخۆدەگرێت و لە هێرشەکانی ئەمریکادا بەکارهێنراوە.