ئیخڵاس دلێمی: فالح ساری پابەندبوونی خۆی بە خەرجکردنی مووچەی هەرێم دووپات کردەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی: لەگەڵ وەزیری دارایی فیدراڵ کۆبووەتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی گرنگترین بڕگەکانی رەشنووسی بودجەی 2027. هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر یەکلاییکردنەوەی دادپەروەرانەی پشکی هەرێمی کوردستان، نەهێشتنی ئاستەنگەکانی خەرجیی فیعلی و جیاکردنەوەی یەکجارەکیی مووچەی فەرمانبەران لە سەرجەم ناکۆکییەکان کراوەتەوە.

سیشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی فیدراڵ کۆبووەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی گرنگترین بڕگە و کێشەکانی تایبەت بە رەشنووسی بودجەی گشتیی فیدراڵی.

نووسینگەی راگەیاندنی ئیخڵاس دلێمی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە میانی کۆبوونەوەکەدا دلێمی گرنگترین ئەو بڕگانەی خستووەتەڕوو کە پەیوەستن بە شایستەی داراییی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و، لە پێشەنگی تەوەرەکانی گفتوگۆکەشدا پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بووە، بە مەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە ڕەزامەندیی هەموو لایەنەکان بەدەستبهێنێت و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ هەمووان دەستەبەر بکات.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئیخڵاس دلێمی جەختی لە پێویستیی یەکلاییکردنەوەی بنەڕەتیی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا کردووەتەوە و ئەو گرفت و ئاستەنگە گەورانەی بۆ وەزیری دارایی روونکردووەتەوە کە بەهۆی بڕگەی ناسراو بە (خەرجیی فیعلی) لەسەر شایستە دارایییەکانی هەرێم دروست بوون.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی خەرجییە سیادییەکان کراوە، بە شێوەیەک تەنیا ئەو بڕگانە لەخۆبگرێت کە بە روونی لە دەستووردا ئاماژەیان پێکراوە، بەبێ ئەوەی هەڵاوسانی نادەستووری و ناپێویستیان تێدا بکرێت.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ئیخڵاس دلێمی سوور بووە لەسەر گرنگیی جیاکردنەوەی یەکجارەکیی دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم کێشە، ململانێ و بابەتە دارایییەکانی دیکە، بۆ ئەوەی خەرجکردنی مووچەکان مسۆگەر، پارێزراو و بەردەوام بێت هاوشێوەی مووچەی سەرجەم هاووڵاتییان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا.

لە لایەن خۆیەوە، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، پێداگری و پابەندبوونی خۆی بە خەرجکردن و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستان و هەوڵەکان بەردەوامن تاوەکو دادپەروەری لە نێوان سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی عێراقدا بێتە کایەوە.