ترەمپ: لەوانەیە هێرش بکەینەوە سەر ئێران
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەری هەیە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەگەری هێرشێکی سەربازیی نوێی بۆ سەر ئێران بەدوور نەزانی و جەختیکردەوە: "هەموو ئەگەرێک لە ئارادایە".
سەبارەت بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باسی پێشکەوتنەکانی ئەو دۆسیەیەی کرد. هاوکات روونیکردەوە، هیوادارە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببێتەوە.
ترەمپ سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل جەختیکردەوە: پاڵپشتییەکانی ئەو گۆڕانکاریی گەورەی لە دۆخی بنیامین ناتانیاهۆدا دروستکردووە. سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، پاڵپشتییەکانی ناتانیاهۆی لە ئەگەری تووشبوون بە شکستێکی گەورە رزگارکردووە و کردوویەتی بە خاوەنی سەرکەوتنێکی بەهێز.
هاوکات کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل رایگەیاند، تا ئێستا 37%ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە. بەپێی ئەو ئەنجامانە، بەرەی ناتانیاهۆ توانیویەتی 57 کورسی بەدەستبهێنێت.
لە بەرامبەردا و بەپێی هەمان ئاماری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بەرەی ئیزنکووت تا ئێستا خاوەنی 47 کورسییە.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە نوێترین ئاماردا بڵاویکردەوە، دوای ژماردنی 28%ـی دەنگەکان، هاوپەیمانێتییەکەی ناتانیاهۆ 59 کورسی و بەرەکەی غادی ئایزینکۆت 46 کورسییان بەدەستهێناوە. بۆ پێکهێنانی حکوومەت و مسۆگەرکردنی زۆرینە لە کنێستی 120 کورسی، هەر لایەنێک پێویستی بە 61 کورسی هەیە.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان روونیکردەوە، رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا گەیشتووەتە 77.7%، کە بەرزترین رێژەیە لە زیاتر لە 20 ساڵی رابردوودا و بە نزیکەی حەوت خاڵی سەدی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2022 بەرزترە. پێشتر راپرسییەکان ئەوەیان روونکردبووەوە کە هەڵبژاردنەکە ئەنجامێکی یەکلاییکەرەوەی نابێت و ململانێکان لە نێوان بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی ئایزینکۆت و بەرەکەی ناتانیاهۆدا توندە.
پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت بەهۆی مامەڵە سیاسییە ئاڵۆزەکانەوە چەند هەفتەیەک بخایەنێت. ئەم دۆخە نادیارە رەنگە رێگە بە ناتانیاهۆ بدات، کە خاوەنی درێژترین ماوەی دەسەڵاتە لە ئیسرائیل، وەک سەرۆکی حکوومەتی کاربەڕێکەر لە پۆستەکەی بەردەوام بێت.