بەقایی وەڵامی ترەمپ دەداتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا یاداشتی لێکگەیشتنی لەگەڵ ئێرانی بە کات بەفیڕۆدان وەسف کرد.لە بەرامبەردا، کۆماری ئیسلامیی ئێران لێدوانەکانی ترەمپی وەک بەڵگەی "نادروستیی بەڵێنە دیپلۆماسییەکانی واشنتن" لە قەڵەم دا.
چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، دانپێدانانی ترەمپ بەوەی هەرگیز باوەڕی بەو یاداشتە لێکگەیشتنەی ئیسلامئاباد نەبووە، سەلمێنەری بێمتمانەیی بەڵێنەکانی واشنتنە.
بەقایی روونیکردەوە، واشنتن مێژوویەکی درێژی لە پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەکانی هەیە و هەرکاتێک بەرژەوەندییەکانی بخوازێت، بە ئاسانی دەستبەرداری پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی دەبێت. بەقایی رەخنەی لە وڵاتانی ئەورووپا و هاوپەیمانانی دیکەی ئەمریکا گرت و گوتی: هیچ پاساوێک بۆ شاردنەوەی رەفتارە نایاساییەکانی ئەمریکا و پاراستنی لە لێپرسینەوە نەماوە، یاسای نێودەوڵەتی ناکرێت بە شێوازی هەڵبژاردەیی جێبەجێ بکرێت.
دوێنێ سێشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ لە میانی کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی میسیسیپی ئاماژەی بەو ئاگربەستە کورتخایەنە کرد کە ئیدارەکەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لە چوارچێوەی یاداشتێکی لێکگەیشتنی سەرەتایی لەگەڵ ئێران رێککەوتنی لەسەر کردبوو. ترەمپ گوتی: ئاگربەستێکی کورتخایەنمان راگەیاند، بەڵام زۆر پێی دڵخۆش نەبووم؛ پێم وابوو جۆرێک بوو لە کات بەفیڕۆدان، بەڵام وەک دەزانن، باشترە گوێ لە پسپۆڕان بگرن.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە کاتی راگەیاندنی رێککەوتنەکەدا، ئەو یاداشتەی بە "رۆژێکی مەزن بۆ ئاشتیی جیهانی" ناوزەد کردبوو و پێشبینیی دەکرد ببێتە دەستپێکی "سەردەمێکی زێڕین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
هاوکات لەگەڵ ئەم شەڕە لێدوانەدا، چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت ئاشکرایانکردووە، ئەگەری دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی هێرشەکان بۆ سەر پێگەکانی ئێران نزیک بووەتەوە و پێشبینی دەکرێت لە دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول لە 3ـی نۆڤەمبەر هەنگاوی کرداری بنرێت.
لە بەرامبەردا، تاران هۆشداریی داوە کە هەر هێرشێکی ئەمریکی یان ئیسرائیلی بە وەڵامێکی "چاوەڕواننەکراو" رووبەڕوو دەبێتەوە. تاران ئاماژەی بەوەشکردووە کە بازنەی ئامانجەکانی بۆ لێدانی بنکە و بەرژەوەندییە نوێیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و تەنانەت کێبڵە دەریاییەکانی ئینتەرنێتیش فراوان دەکات.