کشتوکاڵی هەولێر: خواستێکی زۆر لەسەر کولەکەی زەرد هەیە
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، بەرهەمی کولەکەی زەرد لە سنووری پارێزگاکەدا خواستێکی زۆری لەسەرە و ساڵانە سەدان تۆنی لێ بەرهەم دەهێندرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتی: "بەرهەمی کولەکەی زەرد لە سنووری هەولێر زیاتر بە کودو ناسراوە و لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکەدا دەچێندرێت." بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ئەم بەرهەمە لە زۆربەی فێستیڤاڵ و پێشانگە کشتوکاڵییەکاندا وەک بەرهەمێکی دیاری ناوخۆیی نمایش دەکرێت.
لەبارەی هۆکاری خواستە زۆرەکە لەسەر کولەکەی زەرد، سەید موراد روونیکردەوە، بەرهەمەکە هەم وەک خۆراکی رۆژانە بەکاردێت و هەم ناوکەکەشی وەک چەرەز داواکارییەکی زۆری لەسەرە.
سەبارەت بە شێوازی ساخکردنەوەی لە بازاڕەکاندا، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر روونیکردەوە، بەرهەمەکە رۆژانە لە عەلوەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەفرۆشرێت و بەردەوام لە بازاڕەکاندا بەردەستە.
سەید موراد جەختیکردەوە، ژمارەیەکی زۆر جووتیار لەو بوارەدا کار دەکەن و بەرهەمهێنانەکە بەتایبەت لە سنووری تەقتەق، کۆیە، هەریر و زۆربەی ناوچەکانی دیکەی پارێزگای هەولێر چڕ بووەتەوە. هەروا چەند ساڵێکیشە جووتیار گرنگی بەو بەرهەمە دەدات و ئێستاش خواستێکی زۆری لەسەرە.
بەرهەمی کولەکەی زەرد، لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە کولەکە، کۆدۆ یان کودی دەناسرێت، یەکێکە لە بەرهەمە کشتوکاڵییە گرنگەکانی وەرزی هاوین و پاییز. ئەم بەرهەمە بەهۆی ئەوەی بەرگەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەگرێت و توانای مانەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ هەیە بەبێ ئەوەی تێکبچێت، ساڵانە رووبەرێکی فراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی پێ دادەپۆشرێت و دەبێتە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆ جووتیارانی ناوچەکە.
هاوکات کولەکەی زەرد بەهایەکی بەرزی خۆراکی و تەندروستیی هەیە و بە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ڤیتامینەکان و دژەئۆکسیدەکان دادەنرێت؛ جگە لە بەکارهێنانی لە خواردنی رۆژانەدا، ناوکەکەشی خواستێکی زۆری بازاڕی لەسەرە و دوای وشککردنەوە و برژاندنی وەک یەکێک لە پڕفرۆشترین جۆرەکانی چەرەز سوودی لێ دەبینرێت.