لە سربیا بە چەقۆ هێرشکرایە سەر پاسەوانی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل
کەسێکی نەناسراو بە دوو چەقۆ هێرشی کردە سەر پاسەوانێکی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بەڵگرادی پایتەختی سڕبیا، دواتر لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و کوژرا، بەرپرسانی ئەو وڵاتەش رووداوەکە بە هێرشێکی تیرۆریستی لێکدەدەنەوە.
رووداوەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، روویداوە. ئیڤیتسا داچیچ وەزیری ناوخۆی سڕبیا، گوتی، هێرشبەرەکە لە کاتی پەلامارەکەدا دروشمی "ئەڵڵاهو ئەکبەر"ـی گوتووە و بە دوو چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر ئەفسەرێکی پۆلیس.
بە گوتەی وەزیری ناوخۆ، ئەفسەرەکە وەک بەرگریکردن لە خۆی تەقەی لە هێرشبەرەکە کردووە و کوشتوویەتی، هاوکات خۆیشی بە سووکی بریندار بووە.
بەرپرسانی سڕبیا، رایانگەیاند، رووداوەکە وەک "هێرشێکی تیرۆریستی" لێکدەدەنەوە. لە دوای رووداوەکەش ئاستی ئامادەیی هێزەکانی ئاسایشیان بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردووەتەوە و پاراستنی شوێنە گرنگەکانی وەک باڵیۆزخانە و دامەزراوەکانیان چڕتر کردووەتەوە.
تاوەکو ئێستا ناسنامەی هێرشبەرەکە بڵاونەکراوەتەوە و بەدواداچوونەکان بۆ زانینی وردەکارییەکانی رووداوەکە بەردەوامن.
ئەمە یەکەم رووداوی لەم جۆرە نییە لە سڕبیا، پێشتریش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2024، کەسێکی دیکە بە ناوی (میلۆش ژوژۆڤیچ) بە تیروکەوان هێرشی کردە سەر پاسەوانێکی هەمان باڵیۆزخانە. لەو کاتەشدا هێرشبەرەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.