پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و نمەباران دەستپێدەکات

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پلەکانی گەرما بە رێژەی 2 بۆ 4 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان پەڵەهەور و نیمچە هەوردا دەبێت و کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەک سەرەتا لەسەر ناوچە سنوورییەکان بە نمەبارانی پچڕپچڕ دەستپێدەکات.

لە کاتەکانی نیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆدا، نمەباران لە ناوچە جیاجیاکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سنووری پارێزگای دهۆک، ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی پارێزگای هەولێر و بەشێک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبارێت.

سەبارەت بە ناوچەکانی دیکەش، ئاسمانی پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگای کەرکووک بە درێژایی کاتژمێرەکانی ئەمڕۆ نیمچە هەور دەبێت.