جیاوازییە سیاسییەکانی ناتانیاهۆ و ئایزنکۆت لەسەر پرسە هەستیارەکان
ململانێی نێوان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکی پارتی لیکوود و گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتی یەشاری ئۆپۆزیسیۆن، تەنیا لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەکانی پەرلەمان نییە، بەڵکوو هەردوو سەرکردە دیدگایەکی تەواو جیاوازیان لەسەر چەند پرسی هەستیار و سەرەکی هەیە، لەوانە ئێران، دەوڵەتی فەڵەستین، غەززە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر.
بەپێی شیکارییەکی سیاسی نوێ بۆ بەرنامەی کار و هەڵوێستی هەردوو سەرکردەکەی ئیسرائیل، جیاوازییەکی قووڵ لە نێوان تێڕوانینی بنیامین ناتانیاهۆ و گادی ئایزنکۆت هەیە.
لە پرسی دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستینیدا، ناتانیاهۆ لە ئێستادا رەتیدەکاتەوە رێگە بە دروستکردنی بدات، هەرچەندە پێشتر چەند جارێک نەرمی نواندووە، لە بەرانبەریشدا ئایزنکۆت بەڵێن دەدات رێگە بە دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە نەدات و پێشینەی کراوەیی ناتانیاهۆ لەسەر ئەم پرسە وەک چەکێکی هەڵبژاردن دژی بەکاردەهێنێت.
سەبارەت بە دۆخی غەززە و چارەنووسی بزووتنەوەی حەماس، ناتانیاهۆ مەرجی داماڵینی تەواوەتی چەکی حەماس دادەنێت بەر لەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بکشێنەوە. لە بەرانبەردا، ئایزنکۆت بەڵێنی داوە لە ماوەی 18 مانگدا کۆتایی بە دەسەڵاتی حەماس بهێنێت، ئەمەش لە رێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی دۆناڵد ترەمپ یان لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە.
رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەریش یەکێکی دیکەیە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوانیان. ناتانیاهۆ خۆی دەدزێتەوە لە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ بەدواداچوون لەو کەمتەرخەمییە ئەمنییانەی بوونە هۆی هێرشەکە، بەڵام ئایزنکۆت بەڵێنی پێکهێنانی لیژنەیەکی فەرمی و سەربەخۆ دەدات.
لە پرسە ناوخۆییەکانیشدا، بەتایبەت پرسی سەربازیی زۆرەملێ بۆ جووە ئاییندارەکان (حەریدییەکان)، ناتانیاهۆ پشت بەو پارتە ئایینییانە دەبەستێت داوای لێخۆشبوون لە خزمەتی سەربازی دەکەن، لە کاتێکدا ئایزنکۆت بەڵێنی دەرکردنی یاسایەک دەدات هەموو هاووڵاتییەکی عەرەب و جوویەکی ئاییندار ناچار بکات خزمەتی سەربازی یان مەدەنی بکەن.
هەروەها لەسەر پرسی توندوتیژیی جوونشینەکانیش، ئایزنکۆت هێرشەکانیان بە "تیرۆری جوو" ناو دەبات و بەڵێنی رووبەڕووبوونەوەیان دەدات، بەڵام رەخنەگران پێیانوایە حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ چاوپۆشی لەو هێرشانە کردووە.
دوای جیاکردنەوەی 77%ـی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل، کۆی کورسییەکانی بەرەی لایەنگرانی ناتانیاهۆ گەیشتووەتە 54 کورسی. هاوکات بەرەی دژە ناتانیاهۆ بە سەرۆکایەتی گادی ئایزنکۆت 49 کورسی بەدەستهێناوە، لیستە عەرەبییەکانیش توانیویانە 17 کورسی کۆبکەنەوە.
هەڵبژاردنەکە کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی رۆژی سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستیپێکرد. ئەمە یەکەم هەڵبژادنی پەرلەمانی ئیسرائیلە لە دوای هێرشەکەی 07ـی ئۆکتۆبەر و بە گوێرەی زانیارییەکانی لیژنەی هەڵبژاردن، رێژەی بەشداریی هاووڵاتییان گەیشتووەتە 77.7%.