ئەنجوومەنی وەزیران: نابێت رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ بەشێوەی ئێستا بخرێتە دەنگدان

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران (وێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری) (28-10-2026)
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران (وێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری) (28-10-2026)

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.

بە گوێرەی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی دوا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سەبارەت بە ماددەی (10)ی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی2027، خستەڕوو.

هەروەها گفتوگۆ لەبارەی سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی فیدراڵ، بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بۆ کاروباری وزە و بەشداری وەزیرانی نەوت و کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان و ئەنجامی گفتوگۆکانیان سەبارەت بە دۆسێکانی نەوت و وزە لە چوارچێوەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ کرا.

دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەنجامی کۆبوونەوەکان، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵییە و ماف و دەسەڵات و شایستە داراییەکانی بە دەستوور پارێزراون. بۆیە پێویستە بودجەی گشتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، دادپەروەری و هاوبەشیی ڕاستەقینە ئامادە بکرێت، نەک بە بڕیار و ڕێکاری تاکلایەنەی حکومەتی فیدراڵی.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، دەبێت لەسەر بنەمای رێژەی (14.14%)ـی دانیشتووان و بەپێی ئەنجامی دوا سەرژمێری گشتی، دیاری بکرێت و هەموو ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم مسۆگەر بکرێن.

ئەنجوومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی راسپارد، نادەستووریبوون و نادروستیی ئەو بڕگە و خشتانەی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە، ئامادە کراوە و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل دەکەن، روونبکاتەوە و لەگەڵ پێشنیارە جێگرەوەکانی هەرێم و هەموو بەڵگە دەستووری، یاسایی و داراییەکان، ئاڕاستەی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و لایەنە سیاسییە پێکهێنەرەکانی کابینەی فیدراڵی بکات، بۆ پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی رەشنووسەکە.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکات، رێگە نەدات رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ، بە شێوەی ئێستای بخرێتە بەر گفتوگۆ و دەنگدان، پێش ئەوەی پێداچوونەوەی ورد و پێویستی بۆ بکرێت و ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێم تێیدا مسۆگەر بکرێن.

ئەنجوومەنی وەزیران، جەخت دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2027، لە سەردەمی کابینەی حکوومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، ببێتە دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ریشەیی و دەستووری بۆ کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکوومەت، نەک ئەوەی لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ساڵانی ڕابردوو، هەمان کێشە و ناکۆکییەکان لە ساڵی داهاتووش دووبارە ببنەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، حکوومەتی هەرێم، پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستووری و یاساییەکانی، بەڵام لە هەمان کاتدا پێداگرە لەسەر زامنکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم و هاووڵاتیانی و دەستبەرداری ئەو مافانە نابێت.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی کردەوە، حکوومەتی هەرێم بە روونی و شەفافی هەموو زانیاری و داتا پەیوەندیدارەکانی، خستووەتە بەردەستی حکوومەتی فیدراڵ و بەردەوام لە رێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانی هەردوو حکوومەتەوە، وردبینی و پێداچوونەوەی هاوبەشی مانگانە و وەرزی ئەنجام دەدرێت. بۆیە ناکرێت پشت بە زانیاری و بانگەشەی بێ بنەما و بێ بەڵگە ببەسترێت و بڕیار و مەرجی تاکلایەنە، لە بودجەدا بسەپێنرێت.

لە کۆتاییدا، ئەنجوومەنی وەزیران، پشتیوانی خۆی بۆ شاندی دانوستانکاری دووپاتکردەوە و جەختی لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی کردەوە، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە کە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و بنەماکانی شەراکەتی فیدراڵیی پتەوتر بکات.