تەنها ئێمباپێ نەبووەتە هۆی توڕە کردنی چینیەکان

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ

کیلیان ئێمباپێ ئەستێرەی فەڕەنسی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، بەهۆی گاڵتەکردن بە سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە بووەتە هۆی توڕەبوونێکی زۆری خەڵکی ئەو وڵاتە، بە جۆرێک کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە هەڕەشەی بایکۆتکردنی یارییەکانی خولی ئیسپانیا دەکەن.

ئەمە جاری یەکەم نیە یاریزانێک بەهۆی قسە و هەڵسوکەوتەکانی ببێتە هۆی توڕەبوونی خەڵک و دەسەڵاتدارانی چینی، پێشتریش لە ساڵی 2019 مەسوت ئۆزیل یاریزانی ئەو کاتەی یانەی ئارسێناڵ، دوای ئەوەی رەخنەی لە هەڵس و کەوتی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەرامبەر سەرکوتکردنی کەمینەی ئۆیغوورەکان گرت، بووە هۆی توڕەبوونی ئەوان و چینیەکان و کەناڵی فەرمی ئەو وڵاتە CCTV بڕیاریدا یارییەکانی یانە ئینگلیزیەکە بایکۆت بکات.

لە پێشهاتێکی هاوشێوەدا لە خولی باسکەی ئەمریکا، دوای ئەوەی ئینیس کانتەر پشتگیری لە ئازادی تبت کرد و داریل مۆرای هەڵوێستی لە ناڕەزایەتییەکانی هۆنگ کۆنگ وەرگرت، هەموو پەخشە تەلەفزیۆنییەکان و سپۆنسەرەکانی تیپەکانیان هەڵوەشاندەوە.

لە مانگی فێبرایەری ساڵی 2024 بڕیاوابوو یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکا گەشتی چین بکات بە مەبەستی یاری دۆستانە، بەڵام مێسی بە بیانۆی پێکان بەشداری ئەو یارییەی نەکرد کەچی دوای چەند رۆژێک لە شاری تۆکیۆی ژاپۆن بەشداری یارییەکی دۆستانەی کرد، ئەمەش گەلی چین و دەسەڵاتداران و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتەکەی توڕە کرد و بووە هۆی ئەوەی فێدراسیۆنی تۆپی پێی چین سەرجەم یارییە دۆستانەکانی ئەرجەنتین لەو وڵاتە هەڵوەشێنتەوە.

تەنها چەند هەفتەیەک دوای ئەم رووداوە ئەمجارەیان یانەی نەسڕی سعوودییە گەشتی وڵاتی چینی کرد، ئەویش بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند یارییەکی دۆستانە، بەڵام کریستیانۆ رۆناڵدۆ هاوشێوەی مێسی بە بیانۆی پێکان بەشداری یارییە دۆستانەکانی نەکرد و ئەمجارەش خەڵکی چینی توڕە کرد، هەرچەندە رۆناڵدۆ دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی داوای لێبوردنی کرد، بەڵام نەبووە هۆکاری هێور بونەوەی خەڵکی ئەو وڵاتە.

لە مانگی فێبرایەری ئەمساڵیش بەهۆی ئەوەی دێن هاوسن بەرگریکاری یانەی ریاڵ مەدرید، وێنەیەکی گاڵتە ئامێزی بەرامبەر ئاسیاییەکان و چینیەکان بە تایبەت بڵاوکردەوە، بووە هۆی توڕەبوونی خەڵکی ئەم وڵاتانە و ئەمجارەش یانەی ریاڵ مەدرید ناچار بوو داوای لێبوردن لە خەڵکی ئەو وڵاتانە بکات.