عەلی زەیدی 10 ملیۆن دۆلاری بەخشییە مەزارگەی سەیدە زەینەب

عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی مەزارگەی سەیدە زەینەبی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرد و لەسەر ئەرکی خۆی 10 ملیۆن دۆلاری بەخشییە مەزارگەکە و مزگەوتی ئومەوی.

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ مەزارگەی سەیدە زەینەب لە دیمەشق، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا یاوەریی عەلی فالح زەیدی کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی مەزارگەکەی کردووە و نوێژی لەنێو حەوشەی ئەنجام داوە و دواتریش بەسەر بەشە جیاوازەکانی مەزارگەکەدا گەڕاوە.

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، زەیدی بڕی 10 ملیۆن دۆلاری لە هەژماری تایبەتی خۆی بەخشیوە، بە شێوەیەک پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی مەزارگەی سەیدە زەینەب و پێنج ملیۆن دۆلاری دیکەشی بۆ مزگەوتی ئومەوی تەرخان کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی سەرۆکی حکوومەتی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کۆبووە.