پۆلیسی هەولێر ئافرەتە تەقەکەرەکەی ناو ئۆتۆمبێلی دەستگیرکرد
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی ئافرەتێکی بە رەچەڵەک ئێرانی راگەیاند، کە لەناو ئۆتۆمبێلێکدا بە نایاسایی چەکی بەکارهێنابوو و تەقەی کردبوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە "دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تێیدا ئافرەتێکی بە رەچەڵەک ئێرانی لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لە شاری هەولێر سەرپێچی یاسایی کردووە و دەمانچە دەردەهێنێت و تەقە دەکات، هێزەکانمان دوای بەدواداچوون لە ماوەیەکی کورتدا تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کرد."
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای دەستگیرکردنی، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و رێکاری یاسایی پێویستی بەرامبەر گیراوەتە بەر.
پۆلیسی پارێزگای هەولێر هۆشداری داوەتە هاووڵاتییان کە نمایشکردن بە چەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و سەرپێچیکارتووشی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە، هاوکات داوای کردووە کە هاووڵاتییان بە تەواوی لە رەفتاری لەو شێوەیە دوور بکەونەوە.