ئەمریکا داوا لە دیپلۆماتکار و هاووڵاتییانی دەکات سعوودیە جێبهێڵن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە، فەرمان بە هاووڵاتییان، فەرمانبەران و دیپلۆماتکارانی وڵاتەکەی دەکات، خاکی سعوودیە بەجێبهێڵن.
چوارشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەم هۆشدارییەی حکوومەتی ئەمریکا بۆ هاووڵاتییانی لە سعوودیە دوای ئەوە دێت، حووسییەکانی یەمەن دەستیان بە هێرشکردنە سەر سعوودیە کردووە، هێرشەکان فڕۆکەخانە مەدەنییەکان و ژێرخانە گرنگەکانیان کردووەتە ئامانج. هاوکات بە هۆی ئەو هێرشانەوە زیانی گیانی بە هاووڵاتییانی مەدەنی گەیشتووە و ئاستەنگی زۆریشیان بۆ گەشتەکان دروست کردووە، هاوکات ئەگەری پەرەسەندنی خێرای ئەو هێرشانە لە ناوچەکەدا لە ئارادایە.
فەرمانبەرانی حکوومەتی ئەمریکا لە سعوودیە کاردەکەن، پێویستە بەهۆی هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە بۆ بەکارهێنانی هەر فڕۆکەخانەیەک لە سعوودیە، مۆڵەتی تایبەت لە سەرۆکی نوێنەرایەتییەکە وەربگرن.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز لە 23ـی تشرینی یەکەمەوە، کردنەوەی بەشەکیی خۆی بۆ گەشتە ناوخۆییەکان و هەندێک گەشتی نێودەوڵەتیی کۆمپانیا نیشتمانییەکان راگەیاندووە. ئێستا ژمارەیەکی کەم لەو گەشتانەی پێشتر لە فڕۆکەخانەی شا خالید دەکران، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شازادە نایف عەبدولعەزیز لە قەسیم دەکرێن.
چالاکییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا عەبدولعەزیز لە جدە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا فەهد لە دەمام بەردەوامن، بەڵام هەندێک دواکەوتن و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان لە هەردوو فڕۆکەخانەکەدا بەدی دەکرێن.
هاووڵاتییانی ئەمریکا پێویستە ئاگاداری ئەگەری هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەکان، داخستنی ئاسمانی وڵات، هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان و هەر ئاستەنگییەکی دیکەی گەشتکردن بن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لە کاتی بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکانی سعوودیە زۆرترین ئاگاداری بن و دۆخی گەشتەکانیان راستەوخۆ لە رێگەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و فڕۆکەخانەکانەوە دڵنیا بکەنەوە.