ترەمپ: چارەنووسی ئێران وەک ڤێنێزوێلا دەبێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران بەم نزیکانە دەچێتە پاڵ ئەو وڵاتانەی بە سەرکەوتنەکانی ئەمریکا ناویان دەبات، وەک ئەوەی لە ڤێنێزوێلا روویدا. ترەمپ جەختی کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا توانیویەتی توانای ئاسمانی و دەریایی ئێران لەناو ببات و ئێستا تاران تەنیا ژمارەیەکی کەم مووشەکی بۆ ماوەتەوە.

لە میانەی کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا لە سەنتەری شومایکر لە زانکۆی ئۆهایۆ لە چیلیكۆس، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، ئێران بەهۆی نەبوونی کارەباوە لە بەرهەمهێنانی درۆندا تووشی ئاستەنگ بووەتەوە. هەروەها دووپاتی کردەوە، واشنتن رێگە نادات تاران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

سەرۆکی ئەمریکا ئێران تۆمەتبار کرد بەوەی لە 1979ـەوە دەستی بە جەنگ دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە و گوتی: "لە دەیەکانی رابردوودا ژمارەیەکی زۆری ئەمریکییەکان کوژراون".

لای خۆیانەوە راپۆرتە ئەمریکییەکان ئاشکرایان کردووە، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی بۆ موحسین رەزایی، ئەمینی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ناردووە. مەبەست لەو پەیامە تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بووە لەنێوان واشنتن و تاران، بە ئامانجی رێگریکردن لە دووبارەبوونی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا.

ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ڤانس لە پەیامەکەدا جەختی لە پێویستیی خستنەڕووی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لەناو هەر دانوستانێکدا کردووەتەوە. لە بەرامبەردا، ترەمپ رایگەیاند، رازی بووە جێگرەکەی پەیوەندی لەگەڵ لایەنی ئێرانی بکات و روونیکردەوە، ئامانجەکە پەیوەندیدارە بە دابینکردنی پێداویستیی پزیشکی بۆ هاووڵاتییانی ئێران.