نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی یەمەن هۆشداری دەدات

نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی ئاوارەکانی یەمەن لە 281 هەزار کەس تێپەڕی

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ژمارەی ئەو ئاوارانەی بەهۆی پەرەسەندنی توندوتیژییەکانەوە لە یەمەن ماڵەکانیان چۆڵ کردووە، گەیشتووەتە زیاتر لە 281 هەزار کەس.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی روونیکردەوە، لە سەرەتای ئابی رابردووەوە زیاتر لە 281 هەزار کەس لە یەمەن ئاوارە بوون. ئەم دۆخە لە ئەنجامی نوێبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی یەمەن و حووسییەکان هاتووەتە ئاراوە، کە دوای نزیکەی چوار ساڵ لە هێمنی، لە تەممووزەوە دەستی پێکردووەتەوە.

نووسینگەکە بڵاویکردەوە، گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە سێ هەفتەی رابردوودا رووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر بووەتەوە. بەهۆی زیانلێکەوتنی رێگەیەکی سەرەکی کە تەعز بە پارێزگاکانی باشوور دەبەستێتەوە، کاروانەکانی هاوکاری ناچار بوون رێگەی شاخاویی تەنگبەر بەکاربهێنن، لە کاتێکدا خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان هێرشیان کراوەتە سەر و گوشاری زیاتریان لەسەرە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، سێ چارەکی ئاوارەکان لەو شوێنانەدا دەژین کە کێشەی کەمیی شوێنی نیشتەجێبوون، ئاوی پاک و خزمەتگوزاریی ئاوەڕۆیان هەیە. زیاتر لە 230 هەزار کەس پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلە لە بواری ئاو و ئاوەڕۆدا هەیە. سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دا لە مەترسییەکانی توندوتیژیی سێکسی، مرۆڤفرۆشی و هاوسەرگیریی بەزۆر، بەتایبەت لەو شوێنانەی ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ کراون و قەرەباڵخن.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، پارێزگاری لە مەدەنییەکان، لەوانەش کارمەندانی کەرتی تەندروستی و دامەزراوە مەدەنییەکان وەک نەخۆشخانە و ئەمبوڵانسەکان بکەن. نووسینگەکە جەختیکردەوە، پێویستە هەموو لایەنەکان رێز لە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی بگرن و رێگە بدەن هاوکارییە مرۆییەکان بە سەلامەتی، بەردەوامی و بێ ئاستەنگ بگەنە دەستی ئەوانەی پێویستیان پێیەتی.

یەمەن پێش دەستپێکردنی شەڕی نوێش، بەهۆی قەیرانە مرۆییەکانەوە یەکێک بوو لە دۆخە هەرە خراپەکانی جیهان.