ئێران درۆنێکی ئەمریکی خستەخوارەوە
سوپای پاسدارانی ئێران خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئەمریکی لە گەرووی هورمز راگەیاند، ئەمەش لە رێگەی بەکارهێنانی سیستەمێکی نوێی بەرگریی ئاسمانییەوە بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران راگەیاند، سیستەمی نوێی بەرگریی ئاسمانیی هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز درۆنێکی ئەمریکایان لە جۆری (MQ-1) پێکا و خستیانە خوارەوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، درۆنەکە لە ئاسمانی بەرانبەر ناوچەی "سیریک" تێکشکێنراوە، ئەمەش 14ـیەمین درۆنی لەو جۆرەیە لە لایەن سیستەمەکانی بەرگریی ئێرانەوە دەخرێتە خوارەوە.
بەپێی ئەو ئامارەی میدیای فەرمیی سوپای پاسداران بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانیان تاوەکو ئێستا 54 درۆنی پێشکەوتووی جۆری (MQ-9) و 14 درۆنی جۆری (MQ-1)ـی ئەمریکایان لە ناوچەکە خستووەتە خوارەوە.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین و ستراتیژیترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، لە هەمان کاتدا بووەتە گۆڕەپانی سەرەکیی ململانێ سەربازییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لە ماوەی رابردوودا، سوپای پاسدارانی ئێران چەندین جار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن)ـی ئەمریکی کردووەتە ئامانج بە بیانووی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەی یان ئەنجامدانی کاری سیخوڕی.
لە ئێستاشدا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا چاودێرییە ئاسمانی و دەریاییەکانی لە کەنداو و گەرووی هورمز چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە بەرکەوتنی سەربازی لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و سیستەمەکانی بەرگریی ئێران زیاتر ببێت.