مەحموود عوسمان: یەکەم نوسخەی کتێبەکەم بۆ سەرۆک بارزانی ناردووە
سیاسەتمەداری دیاری کورد، دکتۆر مەحموود عوسمان رایدەگەیەنێت، یەکەمین نوسخەی کتێبە نوێیەکەی بۆ سەرۆک بارزانی ناردووە، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە پەیوەندی و هاوڕێیەتییەکی مێژوویی لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا هەیە و لە ئێستاشدا هەمووان چاویان لە رۆڵی سەرۆک بارزانییە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان.
ڕۆژی پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە پەراوێزی واژۆکردنی کتێبە نوێیەکەیدا لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، دکتۆر مەحموود عوسمان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 گوتی "ساڵانێکی زۆر لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی بووم و یادەوەرییەکی زۆرم لەگەڵیدا هەیە، لەنێو کتێبەکەشمدا بە درێژایی باسی هەموو ئەو یادەوەرییانەم کردووە." هاوکات داواشی لە خوێنەران کرد کتێبەکەی بخوێننەوە، بەوپێیەی یادەوەرییەکانی سەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی تێدا تۆمار کردووە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، ئەو سیاسەتمەدارەی کوردستان رایگەیاند، لە ساڵی 1963ـەوە سەرۆک بارزانی دەناسێت و هاوڕێیەتی و پەیوەندییەکی دێرین لە نێوانیاندا هەیە.
مەحموود عوسمان گوتیشی "چەند رۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوومەوە، بەڕێزیان بەردەوام هەوڵ دەدات چارەسەر بۆ گرفتەکان بدۆزێتەوە و هەموو کەس چاوی لە سەرۆک بارزانییە بۆ چارەسەرکردنی گرفت و ئاڵۆزییەکان."
هاوکات ئاشکراشی کرد سەرۆک بارزانی یەکەمین کەس بووە کە نوسخەی یەکەمی کتێبە نوێیەکەی پێشکەش کردووە و بۆی ناردووە.
کتێبی "یادەوەری و تێڕامان" نوێترین بەرهەمی نووسراوی دکتۆر مەحموود عوسمانە، کە کۆمەڵێک بیرەوەریی مێژوویی، بەڵگەنامەی ڕووداوە سیاسییەکان و تێڕامانی تایبەتی نووسەر لەخۆدەگرێت سەبارەت بە قۆناغە هەستیار و جیاوازەکانی خەباتی سیاسی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان.