پووتین: نامانەوێت سیناریۆی گەرووی هورمز لە بەڵتیک دووبارە بێتەوە

سەرۆکی رووسیا فلادیمێر پووتین، هۆشداری دا لە دروستکردنی ئاستەنگ بۆ کەشتیوانی لە دەریای بەڵتیک و بەراوردی کرد بە ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز، هاوکات جەختی کردەوە، رووسیا شەڕی لەگەڵ ئەوروپا ناوێت، بەڵام بۆ هەر ئەگەرێک و هەڵگیرسانی رووبەڕووبوونەوە ئامادەیە.

پووتین لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان دوای بەستنی لووتکەیەک لەگەڵ سەرکردەکانی ئەفریقا لە موسکۆ رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری لە هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە تەواوەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپیدا دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەیە رووبەڕووی هەر ئاڵنگارییەک ببێتەوە.

سەرۆکی رووسیا دروستکردنی کۆسپ و ئاستەنگی لەبەردم جووڵەی کەشتییەکان لە دەریای بەڵتیک رەتکردەوە و پرسیاری ئەوەی کرد ئایا کەسێک هەیە بیەوێت دۆخی گەرووی هورمز دووبارە بکاتەوە؟

جەختیشی کردەوە موسکۆ ئەوەی ناوێت، بەڵام وەڵامی هەر ئاڵنگارییەک دەداتەوە بێ ئەوەی سروشتی وەڵامدانەوەکە یان رێکارەکان دیاری بکات. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد هەوڵەکان بۆ تووشکردنی رووسیا بە شکستی ستراتیجی ئامانجەکانیان نەپێکاوە و هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئاڵۆزییەکان لە سنووری خۆیان تێپەڕێنن، هیچ لایەنێک بە براوە دەرناچێت.

پووتین بەرگری لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەلێکساندەر ستۆب، سەرۆکی فینلەندا و یۆناس گار ستۆرە، سەرۆکوەزیرانی نەرویج کرد، کە سەرەڕای رەخنەی هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا ئەنجامیان دابوو.

ئەو دوو سەرکردەیە رۆژی سێشەممە، بە راوێژ لەگەڵ ئۆکرانیا پەیوەندییەکەیان ئه‌نجامدابوو بۆ تاوتوێکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.

لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا روونکراوەتەوە کە ستۆب و ستۆرە وەک سەرکردەی وڵاتەکانیان قسەیان کردووە نەک نوێنەرایەتی گشتی ئەوروپا، هەروەها جەختیان لە بەردەوامی پشتگیرییەکانیان بۆ ئۆکرانیا و پێویستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان کردووەتەوە.

ئاماژەشیان بەوە دا، هەردوو وڵاتەکەیان کە سنووری هاوبەشیان لەگەڵ رووسیا هەیە، گرنگی بە سەقامگیری و پێشبینیکردنی پێشهاتەکان لە ناوچەی بەڵتیک و  باکوور دەدەن. دوای پەیوەندییەکەیان لەگەڵ پووتین، هەردوو سەرکردەکە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی قسەیان کرد و ناوبراو پێشوازی لە هەنگاوە دیپلۆماسییەکەیان کرد.