ناتانیاهۆ: رێگە نادەین هیچ حکوومەتێک بە هاوپەیمانی لەگەڵ عەرەب پێکبهێنرێت

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ جەختی کردەوە، نابێت هیچ حکوومەتێک بە بەشداری و هاوپەیمانی لەگەڵ لیستە عەرەبییەکان پێکبهێنرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە نە بەرەی ناتانیاهۆ و نە بەرەی ئۆپۆزسیۆن نەیانتوانی ژمارەی کورسی پیویست بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەدەست بهێنن.

ئەمڕۆ هەینی، 30ی تشرینی یەکەمی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، نابێت بە هیچ شێوەیەک هیچ لایەنێک لەگەڵ عەرەبەکانی ئیسرائیل هاوپەیمانێتی پێکبێهێنێت بە مەبەستی پێکهێنانی حکوومەت.

ئەم قسانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە، یائیر گۆلان، سەرۆکی حزبی دیموکراتە چەپڕەوە لیبراڵەکان رایگەیاند، لەگەڵ گادی ئایزنکۆت، دیارترین رکابەری بنیامین ناتانیاهۆ کۆبووەتەوە. گۆلان دوای کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیویەتی: "رزگارکردنی ئیسرائیل لە مەترسیدایە".

گۆلان ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ مەنسوور عەباس سەرۆکی حزبی لیستی عەرەبی یەکگرتوو (ڕاعەم) و یائیر لاپید سەرۆکی پێشووی ئۆپۆزسیۆن کۆبووەتەوە و جەختی کردەوە کەویستوویەتی سەرجەم بژاردەکان تاقیبکاتەوە و لەگەڵ هەموو هاوبەشەکاندا کاربکات.

هەروەها گۆلان داوای پێکهێنانی هاوپەیمانی کرد لەگەڵ حزبە عەرەبییەکان کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە و نزیکەی 19 کورسی کنێستیان مسۆگەر کردووە، کە دەتوانێت یەکلاکەرەوە بێت بۆ دیاریکردنی بەرەی سەرکەوتوو. بەڵام حزبەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن تا ئێستا ئەم پێشنیازەیان رەتکردووەتەوە.

جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵژاردنەکە کە رۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو، رۆژی پێنجشەممە کۆتایی هات و نە ناتانیاهۆ و نە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە سەرکردایەتی ئایزنکۆت نەیانتوانی زۆرینەی پەرلەمان مسۆگەر بکەن و بۆ پێکهێنانی حکوومەتیش پێویستییان بە پێکهێنانی هاوپەیمانێتی هەیە لەگە‌ڵ حزبەکانی دیکە کە خاوەنی زۆرینەی کورسییەکان لەدوای حزبەکەی ناتانیاهۆ و ئۆپۆزیسیۆن هاوپەیامنیی عەرەبەکانە.