تۆمار کردنی گرتە ڤیدیۆ لە یاریگاکان قەدەخە دەکرێت
لە جیهانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زۆر رێگە هەن کە هەژمارەکان دەتوانن خۆیان لە ڤیدیۆی کۆپی رایت '' مافی خاوەندارێتیەتی '' بپارێزن، هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییە سیستەمێکی زۆر بەهێز داندراوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیانەی کە مافی خاوەندارێتیان هەیە، بەڵام هەرگیز نەتوانراوە رێگری لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکان بکرێت.
رۆژنامەی گاردیان بڵاویکردەوە یەکێک لەو رێگە ئاسانانەی کە خەڵکانی دیکەی ناچار کردووە بۆ دەستکەوتنی گرتە ڤیدیۆی بێ بەرامبەر '' بەڵاش ''، ئەو گرتە ڤیدیۆیانەن کە هاندەران بە مۆبایلەکانیان لەناو یاریگاکان تۆماریان دەکەن، ئەمەش بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە ساڵانە ملیۆنان یۆرۆ و دۆلار خەرج دەکەن، لە پێناو بەدەستهێنانی مافی خاوەنداریتیەتی، بۆیە لە ئەڵمانیا چەند یانەیەکی ئەو وڵاتە رێگەی جیاواز بەکاردەهێنن بۆ رێگری کردن لەو کارانە.
یانەی بورووسیا دۆرتموند کە یانەیەکی دیاری ئەڵمانیایە بڕیاریداوە هەر هاندەرێک کەمتر خۆی خەریکی مۆبایلەکەی بکات خەڵات بکرێت. چۆنیەتی زانینی بەکارهێنان یاخود بەکارنەهێنانی مۆبایل لەلایەن هاندەرانەوە رەنگە کارێکی ئەوەندە ئاسان نەبێت، بەڵام یانەکە لە رێگەی ئەپلیکەیشنی یانەکەی دەتوانێت هاندەران کۆنترۆل بکات، واتە ئەو هاندەرانەی ئەپی یانەکەیان لەناو مۆبایلەکەیان هەیە و ناوی خۆیان تۆمار کردووە دەتوانن کۆنترۆل بکرێن.
لەلایەکی دیکەوە هەردوو یانەی هێرتابەرلین و هەروەها دینامۆ دێرسدن ئەو دوو یانەیەی خولی پلەی دووی ئەڵمانیاش، بە هەموو شێوەیەک تۆمار کردنی گرتەی ڤیدیۆی ناو یاریگا لە رێگەی مۆبایلەوە قەدەخە کردووە و هەر هاندەرێکیش ئەم کارە بکات و ڤیدیۆکان بڵاوبکاتەوە بە توندی سزا دەدرێت.