سوپای پاسداران: لە گەرووی هورمز دەستمان بەسەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگردا گرت

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دەستی بەسەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمزدا گرتووە بەهۆی ئەوەی رێڕەوێکی سەرپێچیکاریان بەکارهێناوە و هۆشدارییە دەریاوانییەکانیان پشتگوێ خستووە.

رۆژی هەینی، 30ی تشرینی یەکەمی 2026، سووپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند "دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سەرپێچیکار، یەکێکیان لە بەشی رۆژهەڵات و ئەوی دیکەیان لە بەشی رۆژئاوای گەرووی هورمز، کە هەوڵیان دەدا لە رێڕەوێکی بێ مۆڵەت تێپەڕ ببن، رووبەڕووی رووداو بوونەوە و لە ئاوەکانی باشووری گەرووەکە راگیراون."

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، نەوتهەڵگرەکان "سەرجەم سیستەمەکانی دەریاوانی و شوێنپێهەڵگرتنیان کوژاندبووەوە و بە پشتگیری سوپای ئەمریکا، هەوڵیان دەدا لە رێڕەوێکی بێ مۆڵەتەوە دەربچن."

سوپای پاسداران جۆری رووداوەکانی ئاشکرا نەکردووە، کە رۆژێک دوای ئەوە هات کە هێزە چەکدارەکانی ئێران رایانگەیاندبوو لانیکەم چوار کەشتیی نەوتهەڵگر دوای بەربەستبوونیان بە مین لە ناوچەکە وەستاون.

ئاماژەیان بەوەش کرد، رووداوەکانی رۆژی هەینی دوای ئەوە روویان داوە کە کەشتییەکان چەندین هۆشداریی رادیۆییان پێگەیشتبوو، بەڵام پشتگوێیان خستبوون.

هێزەکانی ئێران داوایان لە کەشتییەکان کردووە رێڕەوێکی دیاریکراو لە رێگەی گەرووەکەوە بەکاربهێنن و هەماهەنگی بۆ تێپەڕبوونیان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە بکەن، هاوکات رێڕەوێکی باشووری نزیک لە ئاوەکانی عومان بە بێ مۆڵەت و قەدەخەکراو پێناسە دەکەن.

لەگەڵ دەستپێکی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 28ی شوباتی 2026ەوە،  ئێران جووڵەی دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا سنووردار کردووە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران عەلی خامنەیی رێبەری باڵای پێشووی ئەو وڵاتە کوژرا.

لای خۆشیەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، ئەمەش توانای تاران بۆ هەناردەکردنی نەوت و ئەنجامدانی بازرگانی زیاتر سنووردار کردووە.