راوێژکاری ئەڵمانیا: جەنگی ئێران زیاتر لە 100 ملیار یۆرۆ زیانی بە کەرتی وزەی ئەوروپا گەیاندووە
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی وزە بەهۆی جەنگی ئێران لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا، زیاتر لە 100 ملیار یۆرۆ لەسەر هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی ئەوروپا کەوتووە. هاوکات هۆشداری دا کە ئەم ململانێیە بە هیچ شێوەیەک چارەسەری سەربازیی نییە و دەبێت بە رێگەی دانوستان و دیپلۆماسی کۆتایی پێ بهێنرێت.
هەینی 30ی تشرینی یەکەمی 2026، فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆتایی گەشتە پێنج رۆژەکەیدا بۆ ئاسیا کە وڵاتانی سەنگاپوور، ژاپۆن و کۆریای باشووری گرتەوە، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور سەرنجی خستە سەر لێکەوتە ئابوورییە قورسەکانی جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی وزە بەهۆی جەنگی ئێران لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا، زیاتر لە 100 ملیار یۆرۆ لەسەر هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی ئەوروپا کەوتووە، ئەو 100 ملیار یۆرۆیە ئەو بڕە پارە زیادەیە بووە کە کۆمپانیا و هاووڵاتییانی ئەوروپا بەهۆی گرانبوونی نرخی نەوت و گازەوە خەرجیان کردووە؛ بۆیە بەرلین بەرژەوەندییەکی ڕاستەوخۆی ئابووریی هەیە لەوەی بە زووترین کات کۆتایی بە شەڕەکە بهێنرێت.
راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشداریی توندی دا سەبارەت بە بەردەوامیی پێکدادانەکان و گوتی: تەنیا دەتوانم داوا لە هەموو لایەنەکانی ئەم ململانێیە بکەم؛ ئەم قەیرانە بە هیچ جۆرێک بە رێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێت، بەڵکو دەبێت تەنیا لە رێگەی دانوستانی دیپلۆماسییەوە بگاتە ئەنجام."
مێرز ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم داواکارییە بە هەمان شێوە ئاراستەی سەرکردایەتیی ئیسرائیلیش کراوە؛دووپاتی کردەوە، بەرلین لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی لە رێگەی چەندین کەناڵەوە کار دەکات بۆ چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ئامادەیە پەیوەندییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بخاتە خزمەت پرۆسەی ئاشتی.
ئەم ئامارەی راوێژکاری ئەڵمانیا تەواوکەری لێدوانەکانی دان یۆرگنسن، کۆمیسیاری وزەی یەکێتیی ئەوروپایە کە پێشتر رایگەیاندبوو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا زیاتر لە 100 ملیار یۆرۆی زیادەیان لە هاوردەکردنی وزەدا داوە لە کاتێکدا نەوت و گازی زیاتریان دەست نەکەوتووە. ئەمەش لە کاتێکدایە نرخی نەوتی خاوی برێنت لە دەوروبەری 117 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەمەش بارگرانییەکی قورسی دارایی لەسەر کەرتی بەرهەمهێنان و ژیانی رۆژانەی خەڵک لە ئەوروپا دروست کردووە.
لێدوانەکانی فریدریش مێرز هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان لە ئەمریکا دەربارەی کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، کە تێیدا بژاردە سەربازییەکانی پەیوەست بە ئێران تاوتوێ کراون. ئەم کۆبوونەوەیە ترسی ئەوەی دروست کردووە کە ئەمریکا و ئیسرائیل دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە 3ی تشرینی دووەمدا، دەست بە هێرشی سەربازیی نوێ دژ بە تاران بکەنەوە، کە ئەمەش ئەوروپا بەرەو قەیرانێکی وزەی ئێجگار مەترسیدارتر دەبات.