گەنجینەی ئەمریکا: گەمارۆکان ئابووریی ئێرانیان ئیفلیج کردووە
بەپێی راپۆرتێکی نوێی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کە دەست ماڵپەڕی ئەکسیۆس کەوتووە، گەمارۆی دەریایی، سزاکانی واشنتن و پەکخستنی رێڕەوە وشکانییەکان ئابووریی ئێرانیان بە تەواوی ئیفلیج کردووە و داهاتی دەوڵەتیان وشک کردووە؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ یەکلاییکردنەوەی بڕیاری کۆتایی پاش هەڵبژاردنەکان، لە نێوان بەردەوامیدان بەم گوشارە ئابوورییە یاخود دەستپێکردنەوەی هێرشی گەورەی سەربازی.
راپۆرتە نهێنییەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژە بەوە ناکات کە دەسەڵاتی ئێران لە لێواری رووخاندایە، بەڵام قەبارەی ئەو گورزە قورسە دەردەخات کە بەر شادەماری دارایی تاران کەوتووە. سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کە سەرپەرشتیی ئەم هەڵمەتە دەکات لە ژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری"(Operation Economic Outcast)، یەکێکە لە نزیکترین راوێژکارەکانی ترەمپ کە داوای لێ دەکات پەلە لە دەستپێکردنەوەی شەڕ نەکات و دەرفەت بە کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکان بدات تاوەکو سەرکردایەتیی ئێران ناچار بە سازش بکەن لەسەر مێزی دانوستان.
ئامانجی سەرەکیی ئەم پلانە کە لە کۆتایی مانگی ئابی رابردووەوە دەستیپێکردووە، بڕینی سەرچاوەی دارایی حووسییەکان، حەماس و حزبوڵڵایە؛ لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە تاران ئێستا توانای جووڵاندنی پارەی نەماوە و تەنانەت سوپای پاسدارانیش لە پێدانی مووچەی چەکدارەکانی خۆی تووشی گرفت بووە.
داتاکانی راپۆرتەکە قووڵایی تەنگژە ئابوورییەکەی ئێران ئاشکرا دەکەن، بەهای تمەنی ئێرانی لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە زیاتر لە 25%ی بەهای خۆی لەدەستداوە و لە مانگی تشرینی یەکەم گەیشتە نزمترین ئاستی مێژوویی بە 2 ملیۆن و 687 هەزار تمەن بەرامبەر یەک دۆلار.
تێکڕای هەڵئاوسانی ساڵانە لە مانگی ئەیلوولدا بۆ 90% بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە سەرەتای ساڵی 2025 نزیکەی 35% بوو؛ بەپێی داتاکانی دامەزراوەی "کپلەر" بۆ چاودێریی کەشتیوانی، بەهۆی گەمارۆی توندی دەریایی ئەمریکاوە، لە 25ی ئابەوە تا ئێستا ئێران نەیتوانیوە تەنانەت یەک بەرمیل نەوتی نوێش بار بکات و تەنیا ئەو نەوتەی فرۆشتووە کە پێشتر لە نێو تانکەرەکانی دەریادا گیریان خواردبوو.
گوشارەکانی واشنتن تەنیا لە نەوتدا قەتیس نەماون، بەڵکو هەوڵی ئێران بۆ دۆزینەوەی رێگەی وشکانی لەگەڵ تورکیا، پاکستان، ئەفغانستان و تورکمانستان تووشی بەربەستی گەورە بووە؛ بە جۆرێک هەزاران بارهەڵگر لەسەر سنووری تورکیا زیاتر لە 20 رۆژە گیریان خواردووە و سەدانی دیکەش لە سنووری پاکستان راگیراون.
هاوکات لەسەر ئاستی ئاسمانی، هەریەک لە وڵاتانی ئیمارات، عومان، عێراق، جۆرجیا و ئازەربایجان هێڵی ئاسمانیی ئێرانیان قەدەخە کردووە و سەرجەم گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە، تورکیاش گەشتەکانی کۆمپانیای ماهان ئەیری راگرتووە. لە لایەکی ترەوە، کەرتی بانکیی ئێران لە لوبنان، ئیمارات و تورکیا گەمارۆی توندتری خراوەتە سەر و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش چاودێریی پلاتفۆرمەکانی دراوی دیجیتاڵی (کریپتۆ) دەکات بۆ رێگریکردن لە خۆدزینەوە لە سزاکان.
رۆژی 29ـی تشرینی یەکەم، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ گەورە راوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم راپۆرتی لەسەر گەمارۆ سەربازییە دەریاییەکە پێشکەش کرد و سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەش ترەمپی دڵنیا کردەوە کە ستراتیژیی گوشاری ئابووری کاریگەریی گەورەی هەبووە و دەکرێت رێبەری باڵای ئێران ناچار بە قبووڵکردنی رێککەوتن بکات.
هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوو، ترەمپ ئێستا لەسەر چەند هێڵێک لە یەک کاتدا یاری دەکات: لە لایەک هەوڵی دانوستانی دیپلۆماسی دەدات، لە لایەکی تر ئامادەکاری بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازی پاش هەڵبژاردنی نیوەی خول دەکات، و هاوکات گوشاری خنکێنەری ئابووریش وەک بژاردەی سێیەم بەکاردەهێنێت. بڕیاری کۆتاییش سەبارەت بەوەی واشنتن چەند کاتی تر بە بژاردەی ئابووری دەدات، پاش جیاکردنەوەی دەنگەکانی سندووقی هەڵبژاردن لە لایەن ترەمپەوە دەدرێت.