ترەمپ: لەگەڵ ئێران لە دانوستانداین
"خەرجییەکانی جەنگی ئێرانمان بە داهاتی نەوتی ڤەنزوێلا قەرەبوو کردووەتەوە"
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: جەنگی ئێران، جەنگێکی تەقلیدی نییە و پێی ناوەتە مانگی حەفتەمی خۆیەوە؛ هاوکات ئاشکرای کرد، تاران دووچاری تەنگژەیەکی قووڵی دارایی بووەتەوە بە جۆرێک توانای پێدانی مووچەی سەرباز و هێزەکانی پۆلیسی نەماوە، بەڵام واشنتن لەم دۆسیەیەدا پەلەی نییە و کاتی پێویستی لەبەردەستدایە.
هەینی، 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا گوتی: جەنگ لەگەڵ ئێران، جەنگێکی تەقلیدی و ئاسایی نییە و ئیستا پێی ناوەتە مانگی حەفتەمی خۆیەوە.
ترەمپ پەردەی لەسەر دۆخی ناڕەحەتی ناوخۆیی و قەیرانی داراییی تاران لادا و گوتی: ئێران لە کاتی ئێستا ناتوانێت مووچەی سەربازەکانی بدات و نە مووچەی ئەندامانی پۆلیسیش دابین دەکات؛ ئەوان رووبەڕووی کێشە و تەنگژەی یەکجار گەورە بوونەتەوە، ئێمەش هیچ پەلەمان نییە و کاتی تەواو و پێویستمان لەبەردەستدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخەدا.
سەبارەت بە رێڕەوی دیپلۆماسی، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد: گفتوگۆ و پەیوەندییەکان لە ئارادان؛ ئێرانییەکان دەیانەوێت دانوستان بکەن و بەردەوامن لە قسەکردن و گفتوگۆ لەگەڵماندا، ئێمەش کاتی تەواومان لەبەردەستە.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لەبارەی تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، ترەمپ گوتی: "ئێمە لەم جەنگەدا بڕە پارەیەکی تا ڕادەیەک کەممان خەرج کردووە و، تەنانەت توانیمان ئەوەی خەرجمان کردووە بە زیاتر لە 10 هێندە لە رێگەی داهاتی نەوتی وڵاتی ڤەنزوێلاوە قەرەبووی بکەینەوە؛ هەروەها بڕە پارەیەکی زۆرمان بۆ کۆتاییهێنان و لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەرخان کردبوو و لەو ئەرکەشدا بە تەواوەتی سەرکەوتوو بووین."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە دۆسیەکانی پەیوەست بە مۆسکۆ کرد و رایگەیاند: ئێمە هیچ نیاز و پلانێکمان نییە بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سندووقی سامانی سەروەریی رووسیا.
هەروەها سەبارەت بە دۆسیەی هاووڵاتییە ئەمریکییە دەستبەسەرکراوەکان لەو وڵاتە، ترەمپ دووپاتی کردەوە، بە شێوەیەکی جیددی کار لەسەر چارەکردنی دۆسیەی هاووڵاتییە ئەمریکییە دەستبەسەرکراوەکان لە رووسیا دەکات؛ لەوانەیە هێشتا هەشت هاووڵاتیی ئەمریکی لەوێ دەستبەسەر مابنەوە.
ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردبوو، تاران نامەیەکی لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشتووە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی کە بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران دەدرێن، بەڵام لایەنی ئێرانی تا ئێستا وەڵامی فەرمیی خۆی لەسەر نامەکە نەداوەتەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی رۆژی چوارشەممە بڵاوی کردبووەوە، کە جەی دی ڤانس، بە راسپاردە و فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نامەیەکی ئاراستەی موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کردووە، بە مەبەستی سەر لە نوێ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دانوستان و پێشگرتن لە ئەنجامدانی هێرش و لێدانی سەربازیی نوێ لە لایەن واشنتنەوە.
بە پێی رۆژنامەکە، پەیامی نامەکە و پەیوەندییە بەردەوامەکانی دواتری نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات، زیاتر تیشکیان خستووەتە سەر داڕشتنی چوارچێوەیەکی گشتی بۆ دانوستان، لە جیاتی چوونە نێو وردەکاریی بڕگە دیاریکراوەکانی رێککەوتنی ئاشتی.