بۆ تەمویلکردنی مووچەی مانگی 10 چاوەڕوانی واژۆی وەزیری دارایی عێراق دەکرێت
نووسراوی خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانی واژۆی وەزیری دارایی عێراقدایە و پێشبینی دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا واژۆ بکرێت، بەمەش ڕێکارەکانی خەرجکردنی زیاتر لە 830 ملیار دینار بۆ مووچەی ئەم مانگەی هەرێم دەست پێ دەکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە بەیانی رۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە نووسراوی تایبەت بە تەمویلکردنی مووچەی مانگی 10 نێردراوە بۆ وەزیری دارایی عێراق و نووسراوەکە لەسەر مێزەکەیەتی، بەڵام تاوەکو ئێستا واژۆی نەکردووە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەی نووسراوەکە واژۆ دەکات و فەرمانگەکانی نێو وەزارەت ڕادەسپێرێت تا هەنگاوەکانی تەمویلکردن جێبەجێ بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە سەرجەم پرۆسەی وردبینی بۆ لیستی مووچە و راپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول تەواوکراوە و نووسراوی وەزارەتی نەوتیش ئاراستەی دارایی عێراق کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک لە دامەزراوەکانی عێراق مووچەیان وەرنەگرتبوو، بەغدا ڕەتیکردبووەوە پێش تەواوکردنی مووچەی مووچەخۆرانی خۆی، شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت.
سەبارەت بە شێوازی خەرجکردنی پارەکە، بڕیارە بۆ ئەم مانگە بڕی یەک تریلیۆن و 64 ملیار دینار وەک مووچەی مانگی 10 تەمویل بکرێت، کە لەو بڕە نزیکەی 100 ملیار دیناری بۆ خانەنشینی دەگەڕێندرێتەوە و پوختەی سافی مووچە دەبێتە 954 ملیار دینار. هاوکات پاش بڕینی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بە شێوازی مناقەسە، لە کۆتاییدا بڕی نزیکەی 830 بۆ 850 ملیار دینار دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.