ئانۆ جەوهەر: کوردستان24 سەرجەم پێکهاتەکانی لە کارەکانیدا بەرجەستە کردووە
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنیدا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کوردستان24 کرد و رۆڵی دەزگاکەی لە بەرجەستەکردنی پێکهاتەکان و کارکردنی پیشەییانەدا بەرز نرخاند.
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە پەیامێکدا بۆ یادی 11 ساڵەی دامەزراندنی کوردستان24، ئانۆ جەوهەر، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی و وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی ستاف و بەڕێوەبەرانی دەزگاکە کرد.
لە پەیامەکەیدا ئانۆ جەوهەر باسی لەوە کرد، کوردستان24 سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستانی لە کارەکانیدا بەرجەستە کردووە.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، کوردستان24 دەزگایەکە تینووی لایک و کۆمێنت نییە و دوورە لە رەفتاری پۆپۆلیستی و هەرزەکارانە. هەروەها گوتی، پیشەییبوونی رۆژنامەوانی و متمانەی نیشتمانی و لێهاتوویی ستاف و بەڕێوەبەرایەتییەکەی، جێگەی شانازیی هەموومانە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامی بۆ کوردستان24 خواست لە رووی پێشکەوتنی تەکنیکی و هونەرییەوە.
دەزگای کوردستان 24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە 31ـی ئۆکتۆبەری 2015 لە شاری هەولێر دامەزراوە و لە کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی و رادیۆ و ماڵپەڕێکی دیجیتاڵی پێکدێت. دەزگاکە بە پێنج زمانی جیاواز هەواڵ و زانیارییەکان دەگوازێتەوە و ئامانجی گەیاندنی دەنگی کوردستانە بە جیهان.
ئەمڕۆ کە کوردستان24 کە ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پەخشی خۆی دەگێڕێت؛ لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی و راگەیاندنی پیشەگەرانە کاری کردووە و بووەتە پردێکی متمانەپێکراوی نێوان کوردستان و جیهان.
کوردستان 24 هەمیشە هەوڵی داوە ئاوەدانی و هیوای خەڵکی کوردستان دەربخات و پێداگری لەسەر پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە کردووە. لە دەستپێکی 12ـەمین ساڵی تەمەنیدا، دامەزراوەکە وەبەرهێنانی زیاتر لە توانای رۆژنامەنووسانی گەنج دەکات بۆ گواستنەوەی رووداوەکان.