وەزارەتی دارایی: بەغدا مانگانە زیاتر لە 26 ملیار دینار لە مووچەی هەرێم دەبڕێت

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا وەڵامی ئەو دەنگۆ و هەڵمەتە چەواشەکارییانەی دایەوە کە لەسەر دۆسیەی لێبڕینی خانەنشینی دروستکراون و رایگەیاند: کە لێبڕینی 3% لە فەرمانبەران بە پێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی فیدراڵە. هاوکات ئاشکرای کرد, کە وەزارەتی دارایی عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە مانگانە زیاتر لە 26 ملیار دینار لە تەمویلی مووچەی هەرێم بۆ ئەو مەبەستە دەبڕێت.

شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی، وەڵامی ئەو لێکدانەوە و هەڵمەتانەی دایەوە کە لەبارەی هۆکاری لێبڕینی رێژەی 3%ـی مووچەی خانەنشینی و شێوازی جێبەجێکردنی دروستکراون.

وەزارەتی دارایی و ئابووری روونی کردەوە، کە بەپێی یاسای ژمارە (9)ـی خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، تێکڕای لێبڕینی خانەنشینی بۆ هەر فەرمانبەرێک بریتییە لە (25%)، کە لەو رێژەیە (15%)ـی لە لایەن حکوومەتەوە دابین دەکرێت و (10%)یشی لەسەر خودی فەرمانبەر هەژمار دەکرێت. لە ساڵانی رابردوودا و پێش جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، حکوومەتی هەرێم بەپێی یاسا کۆنەکە تەنیا رێژەی (7%)ـی وەک لێبڕینی خانەنشینی لە فەرمانبەران دەبڕی؛ بەڵام لە دوای بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵییەکە لە هەرێمی کوردستان و بە دەستهێنانی رەزامەندیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ، بە پێی یاسا کەوتە ئەستۆی فەرمانبەران کە ئەو جیاوازییەی (3%) کە پێشتر نەبڕدرابوو، بیدەنەوە.

لە روونکردنەوەکەدا، وەزارەتی دارایی پێنج خاڵی بنەڕەتیی بۆ رای گشتی خستووەتەڕوو:

سوودمەندبوونی گشتی و قەرزی 10 ساڵە: لەبەر ئەوەی سەرجەم خانەنشینان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی فیدراڵ سوودمەند دەبن، پێویستە هەموو فەرمانبەر و خانەنشینێک ئەو جیاوازییەی (3%) کە بۆ ماوەی (10) ساڵ وەک قەرز لەسەریان هەژمار کرابوو، بگەڕێننەوە بۆ حکوومەتی فیدراڵ.

لیژنەی هاوبەش و کۆنووسی فەرمی: لەسەر میکانیزمی وەرگرتنەوەی ئەم قەرزە، تیمێکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بۆ ماوەی چەندین مانگ لە گفتوگۆ و هەماهەنگیدا بوون و لەسەر شێوازی لێبڕینی ئەو (3%)یە گەیشتوونەتە rێککەوتنی فەرمی و کۆنووسی هاوبەشیان واژۆ کردووە.

بڕینی پارەکە لە بەغداوە: وەزارەتی دارایی هەرێم جەخت دەکاتەوە کە دوور و نزیک پەیوەندیی بە دواکەوتنی ناردنی پارەکە بۆ سندووقی خانەنشینی نییە، چونکە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە ناوەڕاستی ساڵی رابردووەوە (2025) مانگانە زیاتر لە (26) ملیار دینار بۆ ئەو مەبەستە لە تەمویلی مووچەی هەرێم دەبڕێت؛ بەپێی یاسا کارپێکراوەکانیش دەکەوێتە ئەستۆی خودی وەزارەتی دارایی عێراق کە ئەو پارەیە بخاتە نێو سندووقی خانەنشینیی یەکگرتووی عێراقەوە، نەک هەرێم.

وەڵامێک بۆ رەخنە و تۆمەتەکان: وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە کە نەدەبوو دکتۆر رێبوار ئۆباڵی کەمتەرخەمیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بخاتە ئەستۆی حکوومەتی هەرێم؛ ناوبراو ئەگەر مەبەستی داکۆکیکردنە لە مافی مووچەخۆران، دەتوانێت لە دادگا سکاڵا لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ تۆمار بکات، نەک وەک پیشەی هەمیشەیی پەنجەی تۆمەت بۆ هەرێمی کوردستان درێژ بکات.

پێشینەی روونکردنەوەکان: وەزارەتی دارایی ئەوەی بەبیر خەڵک هێناوەتەوە کە هێشتا لە رێکەوتی (3ـی حوزەیرانی 2025) بە فەرمی روونکردنەوەی تەواوی لەسەر ئەم دۆسیەیە بڵاوکردبووەوە و، دەبوو رەخنەگران ئاگاداری ئەو ڕاستییانە بوونایە ئەگەر بەڕاستی خەمخۆری مافی فەرمانبەران و خانەنشینان بوونایە.