لە عێراق دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان دەستیپێکرد

ئەمڕۆ دابەشکردنی نەوتی سپی لە چەند شارێکی عێراق دەستیپێکرد و پرسی دابینکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش دەخرێتە بەردەم عەلی زەیدی.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵانی لە پارێزگاکانی بەغدا، بابل، کەربەلا، نەجەف، دیوانیە و موسەننا و چەند شارێکی دیکە دەستپێکرد و هەر خێزانێک 100 لیتر نەوتی بە بڕی 15 هەزار دینار پێدەدرێت و هەروەها پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بە کارتی ئەلیکترۆنی دەبێت.

سەبارەت بە ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان. سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ ئاگادارین کەشوهەوای هەرێمی کوردستان تەواو گۆڕاوە و لە هەندێک ناوچە ساردبووە و سۆپا دادەگیرسێندرێت، بەڵام هێشتا رێکارەکانی ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان تەواو نەکراون.

گوتیشی، داواکاری هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی نەوت لە وەزارەتی داراییە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هەموو هەوڵێک دەدرێت تا ناوەڕاستی ئەم مانگە بەشە نەوتی سپی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.

کوردستان24 زانیویەتی، پرسی دابینکردنی نەوتی سپی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران دەخرێتە بەردەم عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەو کۆبوونەوەیە بڕیاری لێدەدرێت. بڕیاریشە وەک قۆناخی یەکەم سەرەتا 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی رەوانە بکرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی نەوتی سپی ماڵان داوای نزیکەی 300 ملیۆن لیتر نەوتی کردووە بۆ ئەوەی هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتی پێبدرێت. ئەوە لە کاتێکدایە لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر لە دوو هەفتەیە سۆپا دادەگیرسێندرێت.