فیلمێکی کوردی لە مووسڵ دوو خەڵاتی گرنگی بەدەستهێنا
کورتەفیلمی"پەنجەرە"، لە سیناریۆ و دەرهێنانی ئەژی عەبدوڵڵایە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ و باشترین دەرهێنەری گەنجی لە فێستیڤاڵی سوپەرستاری مووسڵ بەدەستهێنا.
یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، ئەژی عەبدوڵڵا، دەرهێنەری کورتەفیلمیەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "زۆر دڵخۆشم بەوەی کورتەفیلمی پەنجەرە توانی لە فێستیڤاڵێکدا لەسەر ئاستی عێراق دوو خەڵاتی گرنگ بەدەستبهێنێت. لەو فێستیڤاڵەدا 13 خەڵات بە فیلمە بەشداربووەکان بەخشرا، ئێمە توانیمان هەردوو خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بۆ بێریڤان سەربەست، کە رۆڵی سەرەکیی لە کورتەفیلمەکەدا گێڕاوە، هەروەها خەڵاتی باشترین دەرهێنەری گەنجیش بە من بەخشرا.
ئەژی عەبدوڵڵا سەبارەت بە گرنگیی فێستیڤاڵەکە گوتی، "فێستیڤاڵی "سوپەرستاری مووسڵ" یەکێکە لەو چالاکییە هونەری و سینەماییانەی کە دەرفەت بۆ نمایشکردنی بەرهەمە هونەرییەکان و ناساندنی توانای هونەرمەندان و بەهرەمەندانی گەنج لەسەر ئاستی عێراق دەڕەخسێنێت. بەشداری لەو جۆرە فیستیڤاڵانەدا، بەتایبەتی بۆ هونەرمەندانی دەرەوەی ناوەندە گەورە هونەرییەکان، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان بگەنە بینەر و پسپۆڕانی بواری سینەما و تواناکانیان لە ئاستێکی فراوانتردا بناسرێت."
ئەو دەرهێنەرە جەختی لەوەش کردەوە، "من پێشتر لە فێستیڤاڵی بەسرەشدا، بە کورتەفیلمی "ماڵی تەباشیر""، خەڵاتی باشترین بیرۆکە و سیناریۆم بەدەستهێناوە؛ فیلمێک تەنیا 47 چرکەیە و سەرەڕای ماوە کورتەکەی، توانیومە بە بیرۆکەیەکی کاریگەر پەیامێک بگەیەنم. بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە و دواتریش خەڵاتی باشترین دەرهێنەری گەنج لە فێستیڤاڵی سوپەرستاری مووسڵ، بەشێکن لە ئەزموونی سینەمایی من."
ئەژی عەبدوڵڵا لەبارەی ئەوەی هونەرمەندانی گەنجی شارە بچووک و دەرەوەی ناوەندە هونەرییەکان چەندە پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە گوتی، "لە شارەکانی وەک چەمچەماڵدا گەنجی بەهرەمەند زۆرە و ئەوانەی حەزیان لە سینەما و هونەرە، بە توانای خۆیان هەوڵی بەرهەمهێنان دەدەن، بەڵام پێویستە دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان زیاتر گرنگی بەو توانایانە بدەن و دەرفەتی گونجاویان بۆ بڕەخسێنن. پاڵپشتیی دارایی و مەعنەوی و دابینکردنی ئامراز و پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە پێشخستنی ئەم بەهرانەدا هەبێت."
ئەژی عەبدوڵڵا ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی هونەر و سینەما لە ناساندنی کولتوور و ناسنامەی گەلەکان کرد و گوتی، "هونەر تەنیا ئامرازێک بۆ کات بەسەربردن نییە، بەڵکو زمانێکی جیهانییە بۆ گەیاندنی پەیام و ناساندنی کولتوور و ناسنامەی گەلەکان. سینەما دەتوانێت لە رێگەی چیرۆک و وێنەوە ژیانی خەڵک، کێشە مرۆییەکان و پەیامی ئاشتی و مرۆڤدۆستی بگەیەنێتە جیهان."
بەدەستهێنانی ئەم دوو خەڵاتە لەلایەن ئەژی عەبدوڵڵا و بێریڤان سەربەستەوە، جگە لەوەی دەستکەوتێکە بۆ ئەم دوو هونەرمەندە، شانازییەکیشە بۆ چەمچەماڵ، کە گەنجانی بەهرەمەندی لە بواری هونەر و سینەما هەیە و بە بەرهەمەکانیان هەوڵ دەدەن لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوەش خۆیان بناسێنن.