تاران: جەنگی نوێ لەگەڵ ئەمریکا درێژخایەن دەبێت

 تاران هۆشداری دا هەر جەنگێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا لە جەنگی پێشوو درێژخایەنتر دەبێت. هاوکات جەخت دەکاتەوە ئەمریکا توانای بڕیاردانی لەسەر کاتی کۆتاییهاتنی جەنگەکەی نییە، ئەمەش لە وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی نوێ بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان.

یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای ئێران بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێرانی گوت: "هەر جەنگێک لە داهاتوودا لەوەی پێشوو درێژخایەنتر دەبێت و سەرۆکی ئەمریکا لەو پێگەیەدا نابێت کە بتوانێت کات یان مەرجەکانی کۆتاییهاتنی جەنگەکە بسەپێنێت".

محەمەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای ئێران

لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەممەی رابردوو رایگەیاند، ئەمریکا بەشێکی زۆری تواناکانی ئەتۆمیی ئێرانی تێکشکاندووە، بەڵام "هێشتا یەک یان دوو پێگە ماون کە دەبێت مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت".

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا

هاوکات، مەهرداد ئەخلاقی، وەزیری بەرگریی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە بەڵێنی وەڵامێکی گونجاو، یەکلاکەرەوە و کاریگەری دا لە بەرامبەر هەر هێرشێک کە وڵاتەکەی بکاتە ئامانج. هەروەها گوتی: "ئەوانەی هەڕەشە دەکەن، ناتوانن قەبارە، کات و دەرئەنجامەکانی وەڵامی ئێران دیاری بکەن".

مەهرداد ئەخلاقی، وەزیری بەرگریی ئێران

هەروەها حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران هەمان لێدوانی دووپاتکردەوە و گوتی: "لە هەر ململانێیەک لەگەڵ ئەمریکادا، هیچ سنوورێکی جوگرافی بوونی نابێت، چونکە ئامانجەکان بە فراوانی دیاریکراون بۆ ئەوەی زیان بە دوژمن بگەیەندرێت".

حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران

پێشتریش مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا شەممەی رابردوو گوتی، ترەمپ تا ئێستا بڕیاری لەسەر هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران نەداوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە پەکیکەوتووە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوەیە بۆ چارەسەری دیپلۆماسی.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

ئەم لێدوانانە دوای هۆشدارییەکەی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران دێت کە شەممەی رابردوو لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری داوەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کردنی هێرشی نوێ. ئەو رێنمایی داوە کە وەڵامدانەوەکە بەبێ سنووری جوگرافی بێت و جەختیدەکاتەوە، ئەگەر دوژمنان دووبارە هێرشی سەربازی یان تیرۆریستی بکەن، ئەوا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و گەلی ئێران خۆیان کات و مەرجەکانی کۆتاییهاتنەکەی دیاری دەکەن.

رێبەری باڵای ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە سەربازییە باڵاکان، فەرمانی داوە لیستەی ئامانجەکان نوێ بکرێتەوە بۆ ئەوەی سەرجەم سەرمایە ماددی و مەعنەوییەکانی دوژمنی ئەمریکی-سەهیۆنی بگرێتەوە. پێشتر ئێران هۆشداری دابوو کە لەوانەیە بیر لە بڕینی کەیبڵەکانی پەیوەندیی دەریایی بکاتەوە کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن.

موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران

لەو بارەیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە گوتی: "تاران لە دۆخی ئێستادا پێویستی بە دیداری لایەنی ئەمریکی نابینێت". عێراقچی رایگەیاند، مەرجەکانی ئێران روونن و ناوبژیوانان راوێژەکانیان سەبارەت بەو مەرجانە بەردەوام دەکەن. ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) لە زاری عێراقچییەوە گواستییەوە: "هیوادارین لایەنی بەرامبەر عەقڵانی بێت و دیپلۆماسی هەڵبژێرێت"، هەروەها جەختیدەکاتەوە، ئێران بۆ هەردوو بەرگری و دیپلۆماسی ئامادەیە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

جەنگەکە لە 28ـی شوبات بە هێرشی هاوبەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و تاران وەڵامی دایەوە. لە نیساندا ئاگربەستێک راگەیەندرا کە نزیکەی 40 رۆژ بۆردومانی چڕی راگرت، هەروەها لە حوزەیراندا رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە ململانێکان واژۆ کرا، بەڵام رێککەوتنەکە ئەم هاوینە بە تەواوی هەڵوەشایەوە.

کارە سەربازییەکان لەم دواییانەدا لە گەرووی هورمزدا چڕ بوونەتەوە. تاران لە سەرەتای جەنگەوە سنووردارکردنی بۆ ئەو گەرووە داناوە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش وەک وەڵامێک، گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر ئابوورییەکەی.

سوپای ئێران شەممەی رابردوو رایگەیاند، تەنکەرێکی نەوت دوای بەرکەوتنی بە مین ئاگری گرتووە، لە کاتێکدا واشنتن جەختدەکاتەوە، زۆربەی مینەکانی ناوچەکەی پاککردووەتەوە.

ترەمپ شەممەی رابردوو لە فلۆریدا بە رۆژنامەنووسانی گوت: "توانای ئەتۆمیی ئەوانمان لەناوبرد. هێشتا یەک یان دوو پێگەیان ماوە کە دەبێت مامەڵەیان لەگەڵ بکەین، بەڵام دەتوانین لە ماوەی 10 خولەکدا ئەوە بکەین". ترەمپ ناوی چیای کوڵەنگ لە پارێزگای ئەسفەهان کرد. راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان باسی ئەگەری هێرشێکی سەربازیی کورت و چڕ دەکەن دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا کە بڕیارە سێشەممە بەڕێوەبچێت.

چیای کوڵەنگ

چیای کوڵەنگ دەکەوێتە 250 کیلۆمەتری باشووری تاران، نزیک پێگەی نەتەنز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، کە ترەمپ لە کۆتایی تەممووزدا بەڵێنی دابوو هێرشی بکاتە سەر.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێران تۆمەتبار دەکات بە دروستکردنی دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی نهێنی لەژێر زەویدا لەو پێگەیە، بەڵام تاران ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و جەخت لەسەر مافی خۆی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ناسەربازی دەکاتەوە.

چیای کوڵەنگ دەکەوێتە 250 کیلۆمەتری باشووری تاران، نزیک پێگەی نەتەنز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم

لە پەراوێزی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە نێوەندگیریی قەتەر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنوەر قەرەقاش، راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات ئەمڕۆ یەکشەممە هیوای خواست پێشکەوتنی دیپلۆماسی بەدەست بێت. قەرەقاش لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی دیالۆگی مەنامە گوتی: "هیوادارین پێشکەوتنێکی دیپلۆماسی رووبدات. نامانەوێت خولێکی دیکەی ململانێ ببینین، بەڵام وەک پێشتر پیشانمان داوە، ئامادەی خراپترین دۆخین".

ئەنوەر قەرەقاش، راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات

لە ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران دوای هەڵبژاردن باسی لە دەرفەتێکی مێژوویی کرد بۆ روخاندنی حکوومەتی ئێران، و رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ لێدانی گورزێکی وێرانکار بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئێستای تاران، گوتیشی، ئەگەر ئێران هەر هەڵەیەک بکات و هێرش بکاتەوە سەر ئیسرائیل، ئەمجارە بە تەواوەتی لەناویان دەبین.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل