پارێزگاری حەسەکە و ئەنەکەسە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

پارێزگاری حەسەکە پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کرد و لە دیدارێکدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و رەوشی گشتیی پارێزگاکەیان تاوتوێ کرد.

نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، پێشوازی لە شاندێکی نووسینگەی ئەنجوومەنە خۆجێییەکانی سەر بە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد کرد، کە لەلایەن نەشئەت زازا، سەرۆکی نووسینگەی ئەنجوومەنە خۆجێییەکانەوە سەرۆکایەتی دەکرا.

لە دیدارەکەدا، بە چڕی گفتوگۆ لەبارەی چەندین پرسی پەیوەست بە رەوشی گشتیی پارێزگاکە و ژیانی هاووڵاتییان کرا، هاوکات بیروڕا سەبارەت بە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەردەوامیی گفتوگۆی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسی و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان کرایەوە؛ بە جۆرێک ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، پاراستنی پێکەوەژیان و بەهێزکردنی سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا.