هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بەندەری جەیهان بۆ 500 هەزار بەرمیل بەرزدەکرێتەوە

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک، هەرێمی کوردستان و بەسرا لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی هەناردە دەکات.

دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان 24ـی راگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنێک لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیاد کراوە و بە هۆیەوە ئاستی گشتیی هەناردە لە رێگەی بۆریی هەرێمەوە گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ کە دەگاتە 500 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.

بەگوێرەی ئامارەکان، رۆژانە 125 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک، لەگەڵ نێوان 175 بۆ 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان، هاوکات نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوتی بەسرا کە بە تانکەر دەگاتە وێستگەکانی هەناردەکردن لە سارەلوو و خۆرمەڵە لە رۆژئاوای کەرکووک، لەو وێستگانە کۆ دەکرێنەوە و دواتر بەرەو بەندەری جەیهان روانە دەکرێن.

پێشتر هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە تەنیا لە نێوان 300 بۆ 350 هەزار بەرمیل بوو، بەڵام بۆ یەکەمجار رێژەکە بۆ 500 هەزار بەرمیل بەرزکراوەتەوە.

لەوبارەیەوە شارەزایان رایانگەیاند، دوای داخستنی گەرووی هورمز، عێراق بۆ دەربازبوون لەو دۆخە سەختە داراییەی تێیکەوتووە، زیاتر پشت بە هەرێمی کوردستان دەبەستێت و ئێستا ئەم رێگەیە بووەتە یەکێک لە گرنگترین دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، هاوکات عێراق لە پاڵ ئەم رێگەیەدا، بەشێک لە نەوتەکەی بە تانکەر لە رێگەی سووریاوە بۆ بەندەری بانیاس و بە کەشتیی گەورەش لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە دەکات.