ترەمپ: رەنگە ناچاربین گورزێکی کوشندە لە ئێران بوەشێنین

سەرەڕای بەردەوامیی دانوستانەکانی نێوان ئێران و نێوەندگیریی قەتەر بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بەمەبەستی راگرتنی جەنگی ئەمریکا، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشی نوێی بۆ سەر تاران دووپاتکردەوە. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی ئاهەنگێکی هەڵبژاردندا رایگەیاند، رەنگە ناچار بێت لێدانێکی کوشندە لە ئێران بدات، بەبێ ئەوەی کاتی هێرشەکە دیاری بکات.

دۆناڵد ترەمپ لە ئاهەنگێکی هەڵبژاردندا لە ویلایەتی ئایۆوا و پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس، کە بڕیارە سبەی سێشەممە بەڕێوەبچێت، بە ئامادەبووانی گوت: "هۆکاری ئەوەی تا ئێستا کۆتاییم بە ئێران نەهێناوە، ئەوەیە دەمەوێت نەرم بم. دەمەوێت هەوڵ بدەم هەموو ئەو گیانانە رزگار بکەم ئەگەر بۆم بکرێت، بەڵام لە قۆناخێکدا ناچار دەبین لێدانێکی کوشندەیان لێ بدەین".

جەنگەکە لە 28ـی شوبات بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، ئێرانیش وەڵامی دایەوە و چەند وڵاتێکی کەنداوی کردە ئامانج. دواتر لە نیساندا ئاگربەست واژۆکرا و کۆتایی بە نزیکەی 40 رۆژ بۆردومانی چڕ هێنا. لە حوزەیراندا یاداشتێکی دیکەی رێککەوتن واژۆکرا، کە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ململانێکە بوو، بەڵام ئەویش شکستی هێنا