حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژێرخانی کشتوکاڵی لە دەشتی نافکوڕ بەهێز دەکات
مەترسیی لەناوچوونی بەروبووم و ناچاربوونی جووتیاران بە ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان بە کەمترین نرخ لە دەشتی نافکوڕ بووەتە چیرۆکی رابردوو. بە پشتیوانیی راستەوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ژێرخانی کشتوکاڵی لە سنووری پارێزگای دهۆک گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی بەخۆوە بینیوە.
لەو دەڤەرە 80 کۆگای ساردکەرەوەی گەورە و مامناوەند بنیاتنراون، کە ساڵانە توانای کۆگاکردن و پاراستنی زیاتر لە 300 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵییان هەیە، بەتایبەتی بەرهەمی پەتاتە کە سەرمایەیەکی گەورەی جووتیارانی دەڤەرەکەیە.
پێشتر رەنجی ساڵێکی جووتیاران بەهۆی نەبوونی کۆگەوە لە کاتی پێگەیشتندا بە فیڕۆ دەچوو و بە نرخێکی زۆر کەم دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا ئەو ساردکەرەوانە بوونەتە قەڵغانێک بۆ ماندووبوونیان. جووتیاران دەتوانن بەرهەمەکانیان بە باشترین کوالێتی بهێڵنەوە تا لە کاتی گونجاودا بیخەنە بازاڕەوە. ئەمەش وایکردووە کەرتی کشتوکاڵ لە ناوچەکەدا ببێتە سەرچاوەیەکی بەهێزی داهات و گەشەی ئابووری.
زیاتر لە دوو هەزار تۆن بەرهەم لەو کۆگایانەدا هەڵگیراون. جووتیاران رۆژانە لە نزیکەوە چاودێریی بەرهەمەکان دەکەن و بەپێی پێویستیی بازاڕ، بارگەیان دەکەن و رەوانەی بازاڕەکانی ناوخۆ و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکەن.
مازن عەبدوڵڵا، جووتیار بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بەر لەوەی کۆگاکان دروست بکرێن، ناچار بووین بەرهەمی پەتاتە لە مانگەکانی شەش و حەفت بەهەر نرخێک هەبوو ساغی بکەینەوە، بەڵام ئێستا دەتوانین بەرهەمەکە لە کۆگاکان هەڵبگرین و سوودی لێ ببینین."
نەوشوان جامی، خاوەن کۆگا دەڵێت: "جووتیاران کاتێک بەرهەمەکانیان دەچنن، راستەوخۆ دەیهێننە ئێرە و خەزنی دەکەن. پێش دروستبوونی ئەم کۆگایانە، جووتیار نەیدەتوانی سوود لە بەرهەمەکەی ببینێت و بە نرخێکی هەرزان دەیفرۆشت، بەڵام ئێستا ئەم کۆگایانە سوودێکی زۆریان بۆ جووتیاران هەیە."
لە دەشتی نافکوڕ 80 کۆگای ساردکەرەوەی گەورە و مامناوەند بوونیان هەیە، کە ساڵانە زیاتر لە 250 هەزار تۆن پەتاتە لەگەڵ بڕێکی دیاریکراو لە پیاز و سێو تێیاندا دەپارێزرێن.
ئەنوەر خدر، بەرپرسی شیرەتکاریی کشتوکاڵ لە شێخان دەڵێت: "پێش هەبوونی ئەم کۆگایانە جووتیاران ناچار بوون بەرهەمەکانیان لە کاتی پێگەیشتندا بە هەر بەهایەک هەبێت بفرۆشن و زۆر جاریش زیانمەند دەبوون، بەڵام بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم کۆگایانە بۆ هەر کەسێک خوازیار بووبێت، دابین کراون."
بە بوونی ئەم کۆگایانە، جگە لە دروستبوونی هاوسەنگی لە بازاڕدا، کەرتی کشتوکاڵ لەو دەڤەرە پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، چونکە نەک تەنیا بەرهەم، بەڵکو تۆویش بە رێگەی زانستی پارێزراوە.
لەنێو ئەو کۆگایانەدا جگە لە پاراستنی بەرهەمی جووتیاران، وایکردووە بازاڕەکانی ناوخۆ بەدرێژایی ساڵ پێویستییان بە هاوردەکردنی بەرهەمی بیانی نەبێت، بەتایبەتی پەتاتە.