شاندێکی بەریتانیا سەردانی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای کرد
سەرچاوەیەکی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی کە دوێنێ لاهوور شێخ جەنگی و دەسگیرکراوانی لالەزاری بینیوە بە کوردستان24 ـی راگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا شاندێکی بەریتانیا لە نوێنەری باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە عێراق و کونسوڵی بەریتانیا لە هەولێر پێکهاتووە لە گرتووخانە سەردانی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برایان کردووە.
گوتیشی، لاهوور شێخ جەنگی تەنیا ئەوەی پێ وتوون کە شاندەکە سەردانی کردووە، بەڵام ناوەڕۆکی گفتوگۆی لەگەڵ شاندەکە باس نەکردووە، تەنیا ئەوەی بە شاندەکەی وتووە لەژێر ئەشکەنجە و سیناریۆدا سزای یاسایی بەسەر دەستگیرکراوانی لالەزار سەپێندراوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشی کرد، لیژنەیەکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان سەردانی لاهوور شێخ جەنگییان کرد و لەبارەی دۆسیەکەیەوە قسەیان لەگەڵ کردووە.
هەروەها راشیگەیاند، تیمی پارێزەران سەرقاڵی ئامادەکردنی بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتی یاسایین بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتووی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی لالەزار کە ژمارەیان 22 کەسە، بیخەنە بەردەم دادوەر و سەرجەم تۆمەت و سکاڵاکان رەتبکەنەوە.
لە 15ـی ئەم مانگە و دوای هەشت دانیشتنی دادگا، دادوەرانی دۆسیەی لالەزار بە پێی ماددەی 56 تایبەت بە رێککەوتن و پلاندانان بۆ تاوان، بڕیاری سزادانیان بەسەر لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامی حاجی غالی و ژمارەیەک کەسی دیکەدا سەپاند.
بە پێی ئەو بڕیارانە، لاهوور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ، پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و رێبوار حامی حاجی غالی بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادران. هەروەها هەشت کەسی دیکە بە ماوەی جیاواز سزادران و دوو تۆمەتباریش بە بێتاوان ناسێنران.
رووداوەکانی هۆتێل لالەزار دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، کاتێک هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێرشیان کردە سەر ئەو هۆتێلە لە شاری سلێمانی. لەو رووداوەدا دوای چوار کاتژمێر لە پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئەو هێزانە و چەکدارانی هێزی تایبەتی بەرەی گەل بە بەکارهێنانی چەکی قورس، چەندین چەکدار لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەسی دیکە دەستگیر کران. لەوکاتەوە لاهوور شێخ جەنگی و بەشێک لە راگیراوەکانی دیکە لە زیندان ماونەتەوە.
ئەم تۆمەتبارانە بەپێی ماددەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی دادگایی کراون، کە ماددەیەکە تایبەتە بە (رێککەوتنی گرووپێک یان چەند کەسێک بۆ ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک پێکەوە).