میقداد میری: 94 کەس بەتۆمەتی بە قاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەستگیر کران
ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی مانگی رابردوودا 94 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە بەرهەمە نەوتییەکان دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر 89 تانکەردا گیراوە.
میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی وزە و هێزەکانی سەر بە وەزارەت لە نێوان 1ـی تشرینی یەکەم تا 1ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق جێبەجێکردووە.
میقداد میری دەربارەی وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکان گوتی "لە سەرجەم پارێزگاکان جگە لە هەرێمی کوردستان، دەست بەسەر 89 تانکەر و ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆردا گیراوە کە بۆ کاری قاچاخچێتی ئامادەکرابوون."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر 8 وێستگەی تایبەت بە قاچاخچییەکان لە پارێزگاکانی کەربەلا، سەلاحەددین و زیقار.
لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەست بەسەر 2 ملیۆن و 226 هەزار و 750 لیتر بەرهەمی نەوتیدا گیراوە. میقداد میری جەختدەکاتەوە، ئەو هەوڵانە لە چوارچێوەی پاراستنی بەردەوامی سامانی نەتەوەیی و دەستەبەرکردنی ئابووریی وڵاتەکەدایە.