دەروازەی زێت بۆ ماوەیەکی کاتی دادەخرێت
بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت رایگەیاند، بەهۆی کاری چاککردنەوە و نوێکردنەوەی رێگاوبانەکان لەلایەن تورکیاوە، هاتوچۆی گەشتیاران لە دەروازەکەدا بۆ ماوەی یەک رۆژ رادەگیرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت ئاگاداری هاووڵاتییانی کردەوە و رایگەیاند، سبەی چوارشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرجەم جموجۆڵی گەشتیاری و هاتوچۆ لە سنووری دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت رادەگیرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو رێکارە لە وەڵامی داوایەکی دەروازەی دەرەجیکی تورکیا و بەهۆی بەردەوامیی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان لەلایەن تورکیاوە جێبەجێ دەکرێت، هاوکات سەرجەم کار و چالاکییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت بە شێوەی ئاسایی بەردەوام دەبن.
بەپێی بەرنامەی دیاریکراو، پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2026، هاتوچۆ و گەشتکردن لە دەروازەکەدا دەست پێ دەکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەکە داوا لە هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکات، وادەی گەشتەکانیان لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە بگونجێنن و گەشتەکانیان بۆ پێنجشەممە رێک بخەن.