وەزارەتی بازرگانی: بە هەوڵی سەرۆکوەزیران دوای 11 ساڵ بڕێکی پارەی جووتیارانمان وەرگرتەوە

سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی
سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە هەوڵی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کێشەی پارەی گەنمی ساڵانی 2015 و 2016ی جووتیاران چارەسەر کراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا زیاتر لە سێ ملیار دینار دابەش دەکرێت. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2026، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی هەندێک هەڵەی تەکنیکی و کارگێڕییەوە لە ساڵانی 2015 و 2016 بڕێک لە شایستە داراییەکانی جووتیاران دواکەوتبوو. دوای هەوڵی بەردەوامیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی؛ وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی بازرگانی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق توانرا سەرجەم پارەکان کۆبکرێنەوە و بخرێنە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان.

بریکاری وەزارەتی بازرگانی ئاماری پارە گەڕاوەکانی خستەڕوو و گوتی، "بۆ ساڵی 2015 بڕی یەک ملیار و 42 ملیۆن دینار گەڕاوەتەوە. بۆ ساڵی 2016 بڕی دوو ملیار و 669 ملیۆن دینار گەڕاوەتەوە. داوا لە جووتیاران دەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی سایلۆکان بکەن بۆ وەرگرتنی شایستەکانیان".

سەروەر کەمال هاواری هۆشداریشی دا، بەهۆی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر ئەو بابەتەدا رەنگە بەشێک لە جووتیارەکان کۆچی دواییان کردبێت. بۆیە پێویستە میراتگرەکانیان بەپێی رێکارە یاساییەکان و بەڵگەنامەی دابەشکردنی میرات و بریکارنامە مامەڵەکانیان رایی بکەن بۆ وەرگرتنی پارەکانیان.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، نزیکەی 776 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی کوردستان لای حکوومەتی عێراق مابوو، بەڵام بە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران، توانراوە هەموو پارەکە وەربگیرێتەوە و نەیانهێشتووە، مافی هیچ جووتیارێک بفەوتێت. 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بریکاری وەزارەتی بازرگانی باسی لە پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی بەشەخۆراکی مانگانە کرد و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا پسوولەی ئەلیکترۆنی بۆ نزیکەی چوار ملیۆن و 800 هەزار کەس کراوە. ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی باشیی جۆری خۆراک و رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی.

سەبارەت بە دۆخی بازاڕ و نرخی کاڵاکان، سەروەر کەمال هاواری روونیکردەوە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گۆڕانکاری لە بەهای دۆلار و نرخی کاڵاکان لەسەر ئاستی جیهان دروست بووە. لە رێگەی لیژنەکانی چاودێریی بازرگانییەوە لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەین بۆ رێگریکردن لە قۆرخکاری و بەرزکردنەوەی دەستکردی نرخەکان.

لە کۆتاییدا دڵنیایی دا دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک بەردەوامە و لە هەشت بەرهەمی سەرەکی پێکدێت. ئەگەر بەشەخۆراکی مانگی رەمەزانیش دابەش بکرێت، ژمارەی بەرهەمەکان بۆ 10 جۆر خۆراک بەرز دەبێتەوە.