شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە چیکە
بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی وەزارەتی کشتوکاڵی کۆماری چیک، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە.
لەم بارەیەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرکەوت خۆشناو، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند؛ پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا مێژوویەکی درێژی هەیە و بەتایبەتی لە دوای کردنەوەی کونسوڵخانەی وڵاتی چیک لە هەولێر لە ساڵی 2007ـەوە هەنگاوی بەردەوام نراوە بۆ پەرەپێدانی کەرتەکە.
سەرکەوت خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتی چیک لە بواری دیزاین و دروستکردنی بەنداوەکان و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو پێشەنگە، لەسەر ئاستی کشتوکاڵیش جەختکردنەوە لەسەر گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و پێشخستنی پیشەسازیی کشتوکاڵییە، بۆیە لەبەر رۆشنایی ئەو گەشەسەندنەی کەرتی کشتوکاڵی هەرێم لە چەند ساڵی رابردوودا بەخۆیەوە بینیویەتی، گرنگە وەبەرهێنەران و کەرتی تایبەت لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان پەیوەندی پتەو دروست بکەن و سوود لە ئەزموونی وڵاتی چیک وەربگرن.
لەسەر بانگهێشتی وەزیری کشتوکاڵی وڵاتی چیک شاندە باڵاکە بانگهێشت کراون کە پێکهاتوون، لە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئاو و بەڕێوەبەرانی گشتیی سەرچاوەکانی ئاو، بەنداوەکان، و سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، بە هاوڕێیەتیی نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی هەرێم کە لە هەموو بوارەکانی کشتوکاڵ، ئاو و سامانی ئاژەڵدا کار دەکەن.
لە ماوەی ئەم سەردانەدا، زنجیرەیەک چالاکیی گرنگ ئەنجام دەدرێن، لەوانە کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی چیک و سازکردنی کۆڕبەندی بازرگانیی کشتوکاڵی (Agriculture Business Forum) لە نێوان کۆمپانیاکانی هەردوولادا، کە تێیدا لە رێگەی دیداری رووبەڕووی نێوان کۆمپانیاکان (B2B) تاوتوێی لێکگەیشتن و دۆزینەوەی دەرفەتەکانی داهاتوو دەکرێت، هاوکات شاندەکە سەردانی مەیدانی بۆ پۆند، بەنداو، و ناوەندەکانی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری دەکات بە مەبەستی بینین و سوودوەرگرتن لە شێوازی کارکردنە پێشکەوتووەکانیان.
ئامانجی سەرەکیی وەزارەتی کشتوکاڵ لەم سەردانە و کارە هاوبەشانەدا، بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، رەخساندنی هەلی کاری نوێ، و دەستەبەرکردنی دەرفەتی گونجاوی وەبەرهێنانە بۆ خزمەتکردن بە ژێرخانی ئابووری و بەردەوامیپێدان بە بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و ئاو لە هەرێمی کوردستان.