دهۆک.. شانۆگەریی "دەروێش یان گۆدۆ" نمایشکرا

شانۆگەریی "دەروێش یان گۆدۆ"، لە نووسینی هەڵکەوت ئیدریس و دەرهێنانی حەمرین جەمیلە، دوێنێ دووشەممە، 2ی تشرینی دووەمی 2026، لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی دهۆک نمایشکرا.

سێشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2026، حەمرین جەمیل، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "چیرۆکی نمایشەکە، کۆمەڵێک شانۆکارن باس لە ژیان و بێ کەسی خۆیان دەکەن لە ناو ژیاندا، ئەو گروپە شانۆکارانە دەبنە دوو بەش، بەشێک حەز دەکات شانۆی چاوەڕوانی گۆدۆ نمایش بکات و بەشەکەی دووەم حەز دەکەن نمایشی شانۆیی دەروێشی عەبدی نمایش بکەن، لە کۆتاییدا شانۆیی چاوەروانی گۆدۆ بەفۆرمێکی کوردی پێشکەش دەکەن.

حەمرین جەمیل سەبارەت بە چیڕۆکی نمایشەکە گوتی، "کۆمەڵێک هونەرمەند لە ماوەی هەفتەیەکدا کارێکی شانۆیی پێشکەش دەکەن کە چیرۆکەکەی دەربارەی کورد و چارەنووسی ئەو گەلەیە. ئەم شانۆگەرییە، چیرۆکێکی کوردی یان بیانی دەگێڕێتەوە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی بە تەواوی پەیوەندی بە واقیعی ژیانی کوردەوە هەیە؛ چونکە باس لە سیاسەتەکانی چوار پارچەی کوردستان و هەڵوێستی دەسەڵاتەکان بەرامبەر بە کورد دەکات."

سەبارەت بە گرنگیی ناوەڕۆکی نمایشەکە، حەمرین جەمیل دەڵێت، "لە ناوەڕۆکی شانۆگەرییەکەدا، باس لەوە دەکرێت کە کورد چۆن لە ماوەی چەندین ساڵدا رووبەڕووی ستەم و زوڵم بووەتەوە و چۆن هەوڵی رزگاربوون لەو بارودۆخەی داوە. هەروەها ئەم کارە شانۆییە دوو سەردەمی جیاوازی مێژوویی دەخاتە ڕوو؛ سەردەمێکی کۆن و سەردەمێکی نوێ، بۆ ئەوەی بەراوردێک لە نێوان رابردوو و ئێستای کورددا بکات."