ئەمساڵ 232 هەزار تۆن بەرهەمی دهۆک رەوانەی پارێزگاکانی عێراق کراوە

چەند بەرهەمێکی خۆماڵی لە عەلوەی دهۆک (وێنە: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک)
چەند بەرهەمێکی خۆماڵی لە عەلوەی دهۆک (وێنە: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک)

لە 10 مانگی رابردوودا بڕی 232 هەزار و 377 تۆن بەرهەمی جۆراوجۆری کشتوکاڵی لە پارێزگای دهۆکەوە رەوانەی بازاڕەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کراوە و پەتاتەش لە پلەی یەکەمدایە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە 10 مانگی سەرەتای ساڵی 2026 بڕێکی زۆر لە بەرهەمی ناوخۆیی جووتیارانی پارێزگای دهۆک هەناردەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کراوە و کۆی گشتییەکەی دەگاتە زیاتر لە 232 هەزار تۆن.

بەپێی ئەو ئامارە فەرمییەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆکەوە ئامادە کراوە و دەست کوردستان24 کەوتووە، لە مانگی یەکی ساڵی 2026 تاوەکو کۆتایی مانگی 10، بڕی 232 هەزار و 377 تەن بەروبوومی کشتوکاڵی رەوانەی پارێزگاکانی عێراق کراوە.

لەنێو ئەو بەرهەمانەی زۆرترین داواکارییان لەسەر بووە و هەناردە کراون، بەرهەمی پەتاتە لە پلەی یەکەمدایە و بڕەکەی گەیشتووەتە 131 هەزار و 691 تۆن. دوای ئەویش هەریەک لە بەرهەمەکانی شووتی بە 27 هەزار و 896 تۆن، تەماتە بە 23 هەزار و 130 تۆن، پیاز بە 21 هەزار و 94 تۆن و خەیار بە 14 هەزار و سێ تۆن دێن.

لە خشتەی ئامارەکەدا ئەوەش دەردەکەوێت جگە لە سەوزە، دەیان جۆری دیکەی بەروبوومی میوە و دانەوێڵەی وەک ترێ، هەنار، سێو، هەنجیر، کولەکە، باینجان، بیبەر، سماق، برنج، زەیتوون و چەندین جۆری دیکە هەناردە کراون.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک باسی لەوە کرد، بۆ راپەڕاندن و کارئاسانیی مامەڵەی هەناردەکردنی ئەم بەرهەمانە بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق، لە ماوەی ئەو 10 مانگەدا 28 هەزار و 766 نووسراوی فەرمی لەلایەن فەرمانگەکانی سەر بە کشتوکاڵی دهۆکەوە کراون.

ساڵانە بەهۆی باشیی جۆرەکەیەوە، داواکارییەکی زۆر لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە بازاڕەکانی عێراقدا هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و زیادبوونی داهاتی جووتیاران لە پارێزگای دهۆک.