بە پرۆژەیەکی نوێی رووناکی شەقامی بازنەیی 60 مەتری هەولێر دەڕازێنرێتەوە
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە مەبەستی باشترکردنی سیمای پایتەخت، پڕۆژەیەکی نوێی رووناککردنەوە و رازاندنەوەی لەسەر شەقامی 60 مەتری دەستیپێکردووە
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی تسرینی دووەمی 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند: "لە درێژەی کارەکانی چەند ساڵی رابردوودا بۆ چاندنی دار و زیادکردنی رووبەری سەوزایی لەسەر شەقامی 60 مەتری، بڕیارماندا سیستەمی نوێی رووناککەرەوە بۆ شەقامەکە دابنێین تا سیمایەکی شایستەتر بە پایتەخت ببەخشین."
سەرۆکی شارەوانی روونیکردەوە، پڕۆژەکە تەنیا رووناککردنەوەی شەقامەکە ناگرێتەوە، بەڵکو گڵۆپی ترافیک و شوێنی سووڕانەوەکان (یوتێرن) لەسەر بودجەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رازێنراونەتەوە و رووناککراونەتەوە.
سەبارەت بە بەکارهێنانی وزەی خۆر، کارزان هادی گوتی: "ئێستا و لە قۆناخی یەکەمدا کارەبای ئاسایی بۆ سیستەمەکە دابینکراوە، بەڵام لە قۆناخەکانی داهاتوودا کار لەسەر ئەوە دەکرێت سوود لە وزەی خۆر وەربگیرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی شارەوانی باسی لە گرنگیی پێگەی هەولێر کرد و گوتی: "هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانە و ناوەندی کونسوڵخانەکان، پەرلەمان، حکوومەت و وەزارەتەکانە، بۆیە جێگەی بایەخی تایبەتە تا بە سیمایەکی مۆدێرن دەربکەوێت."
کارزان هادی دووپاتیکردەوە، لە دوای تێپەڕاندنی قەیرانە داراییەکان، شارەوانیی هەولێر پلان و دیدگەی گەورەتری هەیە و ئامادەکاری کراوە تا لە ئایندەدا زنجیرەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە شارەکە جێبەجێبکرێن.