تولای هاتیمئۆغلاری: دەبێت گۆشەگیریی ئیمراڵی هەڵبگیرێت

لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا، تولای هاتیمئۆغلاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، جەخت لە بوونی پرسی کورد لە وڵاتەکەدا دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت کە ئەوان لایەنگری ئاشتییەکی شەرەفمەندانەن، بۆیە داوا دەکات دەستبەجێ گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی هەڵبگیرێت و عەبدوڵڵ ئۆجەلان ئازاد بکرێت، هەروەها داوای جێبەجێکردنی بەپەلەی یاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، تولای هاتیمئۆغلاری هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە وتارەکەیدا لەبەردەم فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان تیشکی خستە سەر پرسی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و کێشەی کورد لە تورکیا و گوتی "بەوانە دەڵێم کە دەڵێن پرسی کورد نییە، بە رژدی جەخت دەکەینەوە لەم وڵاتە و ناوچەکەدا پرسی کورد هەیە. ئێمە وەکو دەم پارتی لایەنگری ئاشتییەکی شەرەفمەندانەین لەسەر بنەمایەکی دیموکراسی. بۆ ئەمەش دەبێت دەستبەجێ گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی هەڵبگیرێت و ئۆجەلان ئازاد بکرێت."

تولای هاتیمۆغلاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، دۆسیەی کەمپینی کۆبانێ هێشتا وەک دادگاییەک دەمێنێتەوە کە تێیدا دادپەروەری بۆ مەبەستی سیاسی بارمتە کراوە، و داوای کرد کە یاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی بەبێ کات بەفیڕۆدان جێبەجێ بکرێت.

هاتیمۆغلاری لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، لە 4ی تشرینی دووەمی 2016وە دەستگیرکردن و کودەتای سیاسی دژی سیاسەتمەداران دەستی پێکردووە و سەرەڕای بڕيارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی کەسایەتییەکانی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هێشتا ژمارەیەک لە هاوڕێیانیان لە زینداندا وەک بارمتەی سیاسی راگیراون. ناوبراو رەخنەی لە بەردەوامیی قەیرانە سیاسییەکان و دانانی قەیووم لەسەر شارەوانییەکان گرت و باسی لەوە کرد کە ئەوان بۆ پشتیوانی سەردانی دۆسیەکانیان لە دادگاکان دەکەن.

سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و یاسای چوارچێوە، هاتیمۆغولاری جەختی لەوە کردەوە کە ملیۆنان هاووڵاتی پرسیار لەسەر کاتی جێبەجێکردنی یاساکە و چۆنیەتی گەڕانەوە و دابینکردنی گەرەنتییەکان دەکەن، و گوتی: «ئەمپرسانە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەسەڵاتن. پێویستە یاسای چوارچێوە بێ دواکەوتن بکەوێتە بوار جێبەجێکردنەوە و هیچ هێزێک ناتوانێت رێگریی لە هاتنی ئاشتی بۆ ئەم خاکە بگرێت».

لە کۆبوونەوەکەی دەم پارتیشدا، دایکانی ئاشتی کە لە 24 شاری جیاوازەوە بۆ دەستپێکردنی "نۆبەتی ئاشتی" هاتبوونە ئەنقەرە، ئامادە بوون و هاتیمۆغلاری وێڕای پێشوازیلێکردنیان، رایگەیاند کە سەردانی زیندانیانی سیاسی لەوانە سەلاحەدین دەمیرتاش لە ئەدیرنە و فیگەن یوکسەکداغ لە کاندێرا دەکەن و تێکۆشان تا ئازادبوونی کۆتا زیندانی سیاسی بەردەوام دەبێت.