لە ئەمریکا سندووقەکان بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە

بە فەرمی دەرگای سندووقەکانی دەنگدان لە سەرانسەری ئەمریکا بەڕووی دەنگدەراندا کرایەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی زۆرینەی کۆنگرێس؛ پرۆسەکە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە دادگای باڵای ئەمریکا چەندین هەوڵی ئیدارەی ترەمپی بۆ دەستوەردان لە پرۆسەی دەنگدان رەتکردەوە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ گومانی لە پاکی و بێگەردیی هەڵبژاردنەکان دروست کرد و رایگەیاند تەنیا بە مەرج ئەنجامەکان قبووڵ دەکات.

ئاژانسی هەواڵی "ئەسۆشیەیتد پرێس" (AP) بڵاوی کردەوە، لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممەوە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی ئەمریکا بنکەکانی دەنگدان کرانەوە بۆ هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس. ئەم هەڵبژاردنە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات ئایا پارتی کۆماری دەتوانێت باڵادەستیی خۆی لە پەرلەماندا بپارێزێت، یاخود دیموکراتەکان کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران دەگرنە دەست بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی ترەمپ لە دوو ساڵی داهاتوودا.

بەربژێران کێبڕکێ لەسەر 435 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران و 35 کورسی لە کۆی 100 کورسیی ئەنجوومەنی پیران، لەگەڵ پۆستی حاکمی 36 ویلایەت دەکەن. دیموکراتەکان بۆ ئەوەی زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنەکە ببەنەوە، پێویستیان بە بەدەستهێنانی سێ کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و چوار کورسی لە ئەنجوومەنی پیران هەیە.

سەرەڕای ئەوەی دەیان ملیۆن هاووڵاتی لە رۆژانی پێشوودا دەنگی پێشوەختەی خۆیان داوە، بەڵام ئەمڕۆ ملیۆنان ئەمریکی روویان لە بنکەکان کردووە. لە بەشێک لە ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە لەوانەش کۆلۆرادۆ، ئەریزۆنا، یوتا و نیومەکسیکۆ، بارانبارینی بەخوڕ و لافاو بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ لە بەردەم گەیشتنی هاووڵاتییان بۆ بنکەکانی دەنگدان، کە بەهۆیەوە لە هەندێک ناوچەی دوورەدەست رێگە بە دەنگدانی ئەلیکترۆنی دراوە.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی دەنگدان، دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەوی ڕابردوو گورزێکی یاسایی لە ئیدارەی ترەمپ وەشاند و داواکارییەکی وەزارەتی دادی رەتکردەوە کە داوای کردبوو هەزاران دەنگی پۆست لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بە بیانووی "دەنگی بیانییەکان" بخرێنە لاوە.

هەر لە هەمان شەودا، دادوەرێکی فیدراڵی بڕیاریدا کە دەبێت ئیدارەی ترەمپ دەستبەجێ ناردنی لیستی ناوی ئەو کەسانەی گومانی بێگانەبوونیان لێ دەکرێت بۆ سەرپەرشتیارانی هەڵبژاردن رابگرێت. ئەم بڕیارانەی دادگا دوای ئەوە هات کە ئیدارەی ترەمپ نەیتوانی بیسەلمێنێت کە دەنگدانی نایاسایی لە لایەن کەسانی غەیرە ئەمریکییەوە بە شێوەیەکی بەربڵاو بوونی هەبووە.

دۆناڵد ترەمپ کە بە درێژایی مانگەکانی رابردوو دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی بۆ گومانخستنە سەر سیستەمی هەڵبژاردن بەکارهێناوە، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئامادەیە دان بە ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنەدا بنێت ئەگەر کۆمارییەکان بدۆڕێن، بە کورتی و بە مەرجەوە وەڵامی دایەوە و گوتی: بەڵێ، دان بە ئەنجامەکاندا دەنێم، بەڵام تەنیا لەو کاتەی کە هەڵبژاردنەکە پاک و دەستپاکانە بەڕێوە چووبێت."

چاودێران و شارەزایانی یاسای هەڵبژاردن هۆشداری دەدەن کە ناکۆکییە یاساییەکان لەسەر جیاکردنەوەی دەنگەکان لەوانەیە لە هەندێک ویلایەتی وەک ئالاسکا و کالیفۆرنیا چەندین رۆژ یان هەفتە بخایەنێت و دووبارە بکێشرێتە نێو هۆڵی دادگاکان پێش ئەوەی ئەنجامی فەرمی و کۆتایی پەسەند بکرێت.

بەگوێرەی دوایین نوێکردنەوەی نەخشەی چاودێریی دەنگدانی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکانی 2026 لە تۆڕی NBC News، تا ئێستا 53 ملیۆن و 924 هەزار و 480 هاووڵاتیی ئەمریکی لە سەرانسەری ویلایەتەکاندا دەنگی خۆیان داوە.

داتاکان دەریدەخەن کە بەشداربووان بەم شێوەیە دەنگەکانیان تۆمار کردووە:

دەنگدانی راستەوخۆ لە بنکەکاندا: 30.4 ملیۆن کەس.

دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە: 23.5 ملیۆن کەس.

 

دابەشبوونی دەنگەکان بەپێی ناسنامەی حزبی

لەو ویلایەتانەی سەر بە کام لایەن بوونی هاووڵاتییان تۆمار دەکرێت، دەنگدەرانی پارتی دیموکرات زۆرینەی بەشداربووانی دەنگدانی پێشوەختەیان پێکهێناوە:

پارتی دیموکرات: 46%

پارتی کۆماری: 35%

دەنگدەرانی سەربەخۆ و لایەنەکانی دیکە: 19%