سیپان شێروانی: زەیدی بەڵێنی داوە ناردنی مووچە بەردەوام بێت
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەییدا لەگەڵ ئێمە، بەڵێنی دا ناردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت». دەشڵێت: «چەند بڕە نەوت بۆ ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان پێویست بێت، دەینێرین.
ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2026، زۆربەی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بە گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی کەرکووک و چارەکردنی پرسی کارەبا لەو پارێزگایە، هەروەها گفتوگۆش لە بارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پشکی نەوتی هەرێم کرا.
لای خۆیەوە سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ عەلی زەیدی تاوتوێی پرسی مووچە، بودجە، نەوت و سووتەمەنیمان کرد. جەختی لەوەش کردەوە، گەشبینین کە کێشەکان چارە دەکرێن.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئەوەی خستەڕوو، زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا بەڵێنی دا ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.
وەک ئەوەی شێروانی باسی کرد، زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردەوە، کە چەند بڕە نەوت بۆ ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان پێویست بێت، رەوانەی دەکەن.
لای خۆیەوە، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، نوێنەری شاری کەرکووک و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیەکی دوورودرێژ لەگەڵ عەلی زەیدی، لەبارەی گرفتی کارەبا لە کەرکووک، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی نیشان داوە بە زیادکردنی بڕی 150 مێگاوات کارەبا بۆ ئەو شارە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی روونی کردەوە، بەو بڕیارە پشکی کارەبای کەرکووک دەگاتە نزیکەی 800 مێگاوات. هاوکات رەزامەندی دراوە لەسەر زیادکردنی نزیکەی پێنج ملیۆن لیتر گاز بۆ مۆەلیدە ئەهلییەکانی شارەکە.