سەنتەری بازرگانی ئوزبەکستان لە هەولێر دەکرێتەوە
سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد کە سەنتەری بازرگانی ئوزبەکستان لە هەولێر دەکرێتەوە و ناوەڕاستی مانگی داهاتووش کۆڕبەندی ئابووری و پیشەسازیی کوردستان و ئوردن لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.
سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، گەیلان حاجی سەعید سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە، ئەو بڕیارەی ئۆزبەکستان بۆ کردنەوەی سەنتەری بازرگانی لە هەولێر، بۆ هەوڵەکانی ئەوان بە مەبەستی راکێشانی زیاتری وەبەرهێنەری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان، دەگەڕێتەوە.
هەر بۆ مەبەستی راکێشانی وەبەرهێنەری بیانی بۆ کوردستان، کۆتایی مانگی رابردوو، شاندێکی بازرگانانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی گەیلان حاجی سەعید، سەردانی ئەڵمانیایان کرد.
بەشێک لە میدیاکانی ئەڵمانیا، گرنگییەکی تایبەتیان بەو سەردانە و کۆبوونەوەکانی شاندی بازرگانانی کوردستان دا.
وەک گەیلان حاجی سەعید دەڵێت، "بازرگانان و وەبەرهێنەرانی ئەڵمانی، حەزیان لە بازرگانی زیاترە لەگەڵ هەرێمی کوردستان."
ئەو، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، گوتی: ئێمە ئەو حەزەمان لە ئەواندا بینی، بۆیە بانگهێشتی کوردستانمان کردن. ئەوان دەیانەوێت لە بواری کانزاکان، نەوت و گاز، وزە و ئۆتۆمبێل کار بکەن.
رۆژنامەی دیپلۆی ئەڵمانیش، لە راپۆرتێکدا باسی لە حەزی بازرگانان و وەبەرهێنانی وڵاتەکەیانی بۆ کار لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ئاماژەی بە بەربەستێکی سەرەکیش کردووە؛ “نەبوونی ئاسایش".
گەیلان حاجی سەعید لەوبارەیەوە ئاماژەی دا، ئەمە کێشەی سەرەکییە، بەداخەوە لە زۆربەی وڵاتان کاتێک باس لە هەرێمی کوردستان دەکەی، هەر لە چوارچێوەی ئاسایشی عێراقدا دەیبینن. ئێمە پێمانگوتن کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان پارێزراوە و یاسای وەبەرهێنانیش پاڵپشتییەکی تەواوی وەبەرهێنەرانی بیانی دەکات، هەر بۆیە داوامان لێکردن سەردانی کوردستان بکەن و بەچاوی خۆیان ئاسایش و ئاوەدانی ئێرە ببینن.
سەردانی بازرگانانی کورد بۆ وڵاتان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەبەرهێنەر و بازرگانانی بیانی بەردەوامە. گەیلان حاجی دووپاتی کردەوە لە ئەم سەردان و کۆبوونەوانە بەرهەمدار بوونە. ئەو گوتی: رەنگە ئەنجامی سەردانەکان بە خێرای دەرنەکەون، بەڵام ئێمە دەبینین ژمارەی وەبەرهێنەرانی بیانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر بووە. ئەوان ئێستا زۆر زیاتر لە جاران بەشداری لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی هەولێر دەکەن و ئەمەش نیشانەیەکی باشە.