زێلێنسکی: هەفتەی داهاتوو دانوستانی سێقۆڵی لە ئەبوزەبی بەڕێوەدەچێت

ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، رۆژانی 10 و 11ـی ئەم مانگە لە شاری ئەبوزەبی گەڕێکی نوێی دانوستانی سێقۆڵی لە نێوان کیێڤ، مۆسکۆ و واشنتندا بەڕێوە دەچێت بە ئامانجی ئامادەکاری بۆ دیداری لووتکە لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی رووسیا؛ هاوکات فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا جەختی کردەوە هیچ ئاماژەیەک لە ئارادا نییە کە دەریبخات رووسیا بە جددی بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێت، بەتایبەت دوای ئەوەی مۆسکۆ بە بۆردومانکردنی ناوەندێکی هاوکاری 33 کەسی کوشت.

سێشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە بەرلین، ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ، سەرۆکی ئۆکرانیا پەردەی لەسەر نەخشەڕێگەی نوێی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لاداو وادەی دەستپێکردنەوەی دانوستانە سێقۆڵییەکانی ئاشکرا کرد.

بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان، بڕیارە رۆژانی 10 و 11ی تشرینی دووەم، بە نێوەندگیریی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی، لە شاری ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات کۆبوونەوەی سێقۆڵی لە نێوان شاندی دانوستانکاری ئۆکرانیا، رووسیا و ئەمریکا بەڕێوە بچێت، کە یەکەمین گفتوگۆی راستەوخۆی هاوبەشە لە دوای شوباتی رابردووەوە.

پێش بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی ئەبوزەبی، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە برۆکسل میوانداریی کۆبوونەوەیەکی فراوان بکات بە بەشداریی نوێنەرانی ئۆکرانیا، ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ناتۆ و بانکی نێودەوڵەتی تاوەکو گفتوگۆ لەسەر "پلانی بووژانەوەی ئابووری" و مسۆگەرکردنی گرەنتیی ئەمنی بۆ کیێڤ بکرێت، هاوکات رۆژی پێنجشەممەش ناتۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر داهاتووی جەنگەکە ساز دەکات.

زێلێنسکی لە بەرلین رایگەیاند، دانوستانەکانی ئەبوزەبی سەرنج دەخەنە سەر راگرتنی بۆردوومانی کەرتی وزە و دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە دەریای رەش بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە، هاوکات گوتی: "هیوادارین ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییانە رێگە بۆ کۆبوونەوەیەکی لووتکەی سێقۆڵی لە نێوان سەرکردەکان من، پووتین و ترەمپ بکاتەوە. ئێمە نە پووتین بۆ کیێڤ بانگهێشت دەکەین، نە دەشچینە مۆسکۆ، چونکە ئەوە تەنیا دەستکەوت بە رووسیا دەبەخشێت و سووکایەتییە بە جیهان؛ بەڵکو پێویستە دەستبەجێ ئاگربەست رابگەیەنرێت کە تەنانەت پێویستی بە دانیشتنیش نییە."

لای خۆیەوە، فریدریش مێرز راوێژکاری ئەڵمانیا گومانی قووڵی خۆی لە هەڵوێستی مۆسکۆ دەربڕی و گوتی: زۆر گرنگە رووسیا بە شێوەیەکی جددی بێتە نێو دانوستانەکانی ئاگربەست و رێککەوتنی ئاشتی، بەڵام من تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی وا نابینم. پەیامی ئێمە بۆ مۆسکۆ ڕوونە: کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم جەنگ بهێنرێت. ئەگەر ترەمپ لە میامی پووتین بانگهێشتی لووتکەی گرووپی بیست بکات، دەبێت زێلێنسکیش لەسەر هەمان مێز ئامادە بێت.

ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییانە هاوکاتن لەگەڵ روودانی یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکانی رووسیا؛ پاش ئەوەی ئاگربەستە مرۆییەکەی ناوچەی خێرسۆن لە کۆتایی هەفتەدا کۆتایی هات، فڕۆکەکانی رووسیا بۆردوومانی ناوەندێکی دابەشکردنی هاوکاریی مرۆییان لە گوندی "کۆمیشۆڤاخا" لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کرد.

زێلێنسکی ئاشکرای کرد کە لەو هێرشەدا 33 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 50 کەسی دیکەش لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە، هاوکات بەهۆی بۆردوومانی نەخۆشخانەیەک لە شاری خارکێڤ دەیان کەسی دیکە بریندار بوون؛ سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی: ئێمە داوای درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەمان کرد، بەڵام وەڵامی مۆسکۆ مووشەکبارانکردن و کوشتار بوو.

لەلایەکی دیکەوە، فەرەنسا و بەریتانیا رایانگەیاند کە نزیکەی 2,800 سەربازی 10 وڵاتی ئەوروپی لە پۆڵەندا دەست بە مەشقی هاوبەش دەکەن وەک ئامادەکارییەک بۆ پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی کە لە دوای رێککەوتنی ئاگربەست لە ناوچەکەدا جێگیر بکرێت. هاوکات دۆناڵد تاسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا ئاشکرای کرد کە هەوڵێکی گوماناویی نانەوەی پشێوییان لەسەر سنووری ناوچەی کالینینگرادی رووسیا پووچەڵ کردووەتەوە.