مەسرور بارزانی: کاراکردنەوەی پەرلەمان سەرخستنی ئیرادەی خەڵکی کوردستانە

"کاراکردنەوەی پەرلەمان وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدان و ویستی دەنگدەران"

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، وێڕای پیرۆزبایی لە دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کاراکردنەوەی پەرلەمانی بە سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵک و پابەندبوون بە پرۆسەی دیموکراسی لە قەڵەم دا.

چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا پیرۆزباییەکی گەرمی ئاراستەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، جێگر و سکرتێری پەرلەمان کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونیان.

سەرۆکی حکوومەت هاوکات دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە پەرلەمانتارانی خەمخۆر و نیشتمانپەروەر کرد کە هەوڵی بەردەوامیان داوە بۆ پارێزگاریکردن لە شەرعییەت و کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "بڕیاری ئەمڕۆی ئێوە، وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدان و رەنگدانەوەی راستەقینەی ویستی دەنگدەرانە، هاوکات هەنگاوێکە بەرەو سەرخستنی ئیرادەی گەلی کوردستان".

مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە کاراکردنەوەی دامەزراوەی پەرلەمان، بەڵگەی پابەندبوون و پێگیرییەکی روونە بە بەردەوامی و جێبەجێکردنی پرەنسیپەکانی پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا.

لە بارەی تەواوکردنی ئەرکە یاسایی و پەرلەمانییەکانەوە، سەرۆکی حکوومەت هیواخوازیی خۆی دەربڕی کە لە رۆژانی داهاتوودا سەرجەم پەرلەمانتارانی دیکەش بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەرلەماندا بکەن، بۆ ئەوەی ئەرکی نیشتمانی، شەرعی و ئەخلاقیی خۆیان جێبەجێ بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارێتیی قۆناخەکە و متمانەی دەنگدەرانیاندا بن.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بانگەوازی ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد و رایگەیاند: لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیدا، داوا لە گشت لایەنەکان دەکەم بێنە پێشەوە، تا پێکەوە و بە هەماهەنگی، خزمەتێکی شایستەتر پێشکەش بە گەل و نیشتمانەکەمان بکەین و دەستکەوتە دەستوورییەکانمان بپارێزین.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردران.

لای خۆیەوە ڤالا فەرید، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بن، هەروەها داوایەکی دیکەی لە فراکسیۆنەکان کرد، تاوەکوو دووشەممەی هەفتەی داهاتوو ناوی کاندیدەکانیان بۆ دانانی لیژنەکانی پەرلەمان پێشکەش بکەن، بە تایبەت لیژنەی یاسایی.