پۆڵۆنیا.. ئیبراهیم عەلیپوور پێشانگای فۆتۆگرافی "گولەکان سنووریان نییە" کردەوە
ئیبراهیم عەلیپوور، هونەرمەندی فۆتۆگرافەری کورد، پێشانگایەکی فۆتۆگرافی لەژێر ناونیشانی "گولەکان سنووریان نییە"، لە مۆزەخانەی گراکۆفی پۆڵۆنیا کردەوە."
چوارشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2026، ئیبراهیم عەلیپوور، هونەرمەندی فۆتۆگرافەری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ناونیشانی پێشانگەکەم "گولەکان سنووریان نییە، تەنیا ناونیشانێکی هونەری نییە، بەڵکو دەربڕینێکی قووڵە لەو راستییەی کە توندوتیژی و جەنگ سنووری جوگرافیایی ناناسن؛ کاریگەرییەکانیان لە سنووری نێوان وڵاتان و ناوچەکان تێدەپەڕێت و ژیانی مرۆڤ، ئاژەڵ و ژینگە دەگرێتەوە. گولەیەک لە شوێنێک دەدرێت، دەکرێت کاریگەرییەکی درێژخایەن لە شوێنێکی دیکە بەجێبهێڵێت."
عەلیپوور سەبارەت بە گێڕانەوەی چیڕۆکە بێدەنگەکانی پێشانگاکە گوتی، "لەو پێشانگایەم دا فۆتۆگرافی تەنیا ئامرازێک بۆ تۆمارکردنی ساتەکان نییە، بەڵکو دەبێتە زمانێک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکە بێدەنگەکان؛ چیرۆکی ئەو مرۆڤانەی جەنگ و توندوتیژی کاریگەرییان لەسەر ژیانیان بەجێهێشتووە، هەروەها ئەو سروشتەی کە زۆرجار دەبێتە قوربانیی ململانێ و دەستێوەردانی مرۆڤ."
ئەو فۆتۆگرافەرە باسی لەوەش کرد، "لە پێشانگاکەم دا، بیرکردنەوەی بینەر بەرەو پەیوەندیی نێوان جەنگ، ژینگە و ژیانی ئاژەڵان دەبەم. هەروەها بەکارهێنانی رەنگی رەش و سپی، جەخت لەسەر وردەکارییەکان، هەست و بارودۆخی وێنەکان دەکەمەوە و بینەر لە دووریی رەنگەکانەوە بەرەو ناوەڕۆکی قووڵتری کارەکان دەبەم."
دەربارەی گرنگیی کردنەوەی ئەو پێشانگایە، عەلیپوور دەڵێت، "گرنگی ئەم پێشانگایە لەوەدایە فۆتۆگرافی لە ئاستی جوانیی بینراو تێدەپەڕێنم و دەیکەمە ئامرازێک بۆ پرسیارکردن، بیرکردنەوە و هۆشیارکردنەوە؛ چونکە هەندێک وێنە تەنیا بۆ بینین نین، بەڵکو بۆ ئەوەن بینەر لەبەردەمیان بوەستێت و بیر لەو شتانە بکاتەوە کە لە پشت ئەو دیمەنانەدا شاراونەتەوە."
ئیبراهیم عەلیپوور ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو پێشانگایەم بانگەوازێکە بۆ بینینی ئەو راستییەی کە جەنگ و توندوتیژی تەنیا بە کۆتاییهاتنی دەنگی چەک کۆتاییان نایەت؛ بەڵکو ئاسەوارەکانیان لە بیرەوەریی مرۆڤ و ژیانی سروشتدا دەمێننەوە. لێرەدا فۆتۆگرافی دەبێتە شایەتێکی بێدەنگ، بەڵام بەهێز، بۆ ئەو راستییانەی نابێت لەبیر بکرێن."
ئیبراهیم عەلیپوور، هونەرمەندی فۆتۆگرافەری کورد، لەساڵی 1990 لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. ناوبراو کاری وێنەگری و دێکۆمێنتاری دەکات، بە تایبەتی لەسەر ژیان و ناخۆشییەکانی کۆڵبەران، میراتی کولتووری و ئەو کۆمەڵگەیانەی کەمتر باسیان لێوە دەکرێت. عەلیپوور براوەی چەندین خەڵاتی جیهانی و ناوخۆیی بەدەستهێناوە وەکو، خەڵاتی ناسراوی وێنەی رۆژنامەوانیی جیهانی لە ساڵی 2025، خەڵاتی وێنەکانی پۆرترەیتی ئاسیا بۆ ساڵی 2024، و خەڵاتی گەورەی کانون بۆ پڕۆژەکانی وێنەگرتن لە ساڵی 2023.

